کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاری بۆ کۆمەڵێک پرسی نیشتمانی بڕیاری پێویست درا

17:49 - 27 خەرمانان 2721

کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بەشداری بەرپرسانی یەکەمی حیزبەکانی بەشداری ناوەندی هاوکاری و هەروەها هەیئەتەکانی بەشداری ناوەند بەڕێوە چوو.

سەرلەبەیانی رۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی بەرانبەر ١٧ی سپتامبری ٢٠٢١ی زایینی، کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بەشداریی بەرپرسانی یەکەمی لایەنەکان و هەروەها هەیئەتەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

سەرەتای کۆبوونەوەکە لەلایەن"محەممەدنەزیف قادری" بەرپرسی هەیئەتی ناوەندی هاوکاریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ٢٦ی خەرمانانی (میکۆنووس) و هەموو شەهیدانی کوردستان چەند ساتێک بێدەنگی ڕاگەیەنرا و دواتر وێڕای بەخێرهاتنی میوانەکان، بەرنامەی کاریی کۆبوونەوەکەی خستە بەر نەزەری بەشداربووان و پاش پەسەندی دەستووری کار، داوای لە "مستەفا هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی دەورەیی ناوەند کرد کە لەو بارەوە باسەکەیان پێشکەش بکەن.

ناوبراو سەبارەت بە مژار و بابەتەکانی کۆبوونەوەکە ڕاپۆرتێکی پێشکەشی بەشداربووان کرد کە مژاری سەرەکی بریتی بوو لە هەڕەشەکانی فەرماندەرانی سپای پاسداران و تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکان و بنکەکانی هێزی پێشمەرگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات.

بەشدارانی دوای تاوتوێکردنی باس و بابەتەکان ڕا و سەرنجی خۆیان خستە بەر نەزەری هەمووان و لە کۆتاییدا کۆمەڵێک بڕیار و ڕاسپاردەی گرینگ و عەمەلی دەست نیشان کرا. هەروەها سەبارەت بە هێندێک پرسی نیشتمانی پەیوەندیدار بە لایەنەکانی دیکەوە ئاڵوگۆڕی بیر و ڕا کرا و بڕیاری پێویستیش لەو بارەیەوە درا.

لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر هێرشەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بنکە و بارگاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنوورەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵات؛ هەروەها نائەمنکردنی ئەو سنوورانە بەهۆی تۆپخانەکانی ڕێژیم و پەهپادە ئینتحارییەکانی سپای پاسدارانی و پێکهێنانی کەشی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ دانیشتووانی ئەو سنوورانە و کۆمەڵانی خەڵکی ئەو دەڤەرە.

کۆبوونەوە وێڕای مەحکوومکردنی سیاسەتی چەوت و نابەرپرسانەی بەرپرسان و فەرماندەرانی سپای تێرۆریستی پاسداران و پێکهێنانی فەزایەکی پڕ لە مەترسی بۆ سەر خەڵکی ئەو ناوچانە، داوای لە ڕای گشتی کرد کە ئەم کردەوە نابەرپرسانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم بکەن و لە بەرانبەر سەرەڕۆییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دەستێوەردانی ئاشکرا و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستانە بێدەنگ نەبن و سنوورێک بۆ ئەو کارە نامرۆڤانەی دیاری بکرێ.

کۆبوونەوە وێڕای سپاس و پێزانینی خۆی لە هەموو ئەو حیزب و لایەن و کەسایەتیانەی کە لە بەرانبەر ئەم هێرشانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و نائەمنکردنی کەشی سیاسی کوردستان، هاودەردی و پشتیوانیی خۆیان لە بزووتنەوەی مافخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پشتیوانیان لە ناوەندی هاوکاری کردووە، پێزانینی خۆی دەردەبڕی و سپاسیان دەکات و هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەوان بە بایەخەوە چاو لێ دەکات.

ناوەندی هاوکاری سپاسی هەموو ئەو ڕێکخراو و کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییانە دەکات کە بە شێوازی جۆراوجۆر داکۆکیکاری مافی مرۆڤن و لەو ماوەیەدا پشتیوانیی خۆیان لە بزووتنەوەی کورد و هێزی پێشمەرگە و تێکۆشەرانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕیوە.

هەروەها پێزانینی خۆی لە پەیوەندی بە هەموو ئەندامانی تێکۆشەری هێزە سیاسییەکانی کوردستان، بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە لە ناڕەزایەتی دەربرین بە تاوانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتیوانی بزووتنەوەی مافخوازی کورد بوون دەکات.

لە بەشێکی دیکەی  کۆبوونەوەکەدا ڕاپۆرتی کاریی ٢ی کۆبوونەوەی هەیئەتەکانی ناوەند سەبارەت بە ٢ پرسی گرینگ لەلایەن هەیئەتی ڕاسپێردراوە باس کرا و کۆبوونەوەکە وێڕای دەسخۆشی و ماندوونەبوون لە هەیئەتەکان جەختی کردەوە بۆ هەر کام لەو دوو بابەتە ناوەند ڕێوشوێنی پێویست دیاری بکات.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی

١٧ی سێپتامبری ٢٠٢١ی زایینی