کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کۆمپانیایەکەی بەهمەن قوبادی لەسەر کۆڵبەران فیلمێک دروست کراوە

10:38 - 24 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: لە کۆمپانیای "بەهمەن قوبادی"، سینەماکاری ناوداری کورد و جیهان، کورتەفیلمێک لەسەر کۆڵبەران دروست و بڵاوی کراوەتەوە.

سینەماکاری کورد، ناهید قوبادی، لە فیلمێکدا کە ١١١ کچ تێیدا بەشدارییان کردووە، باس لە ژیانی و گوزەرانی کۆڵبەران دەکات، کە چۆن بژیوی ژیانی خۆیان بە دەست دێنن.

لەو به‌رهه‌‌مەدا کە یادێکە لە ژن و پیاوە کۆڵبەرەکان، بەهمەن قوبادی لە بارەیەوە نووسیویەتی: "یەک خوله‌ک لە فیلمی ١١١ کچ، بە دەرھێنەری ناھید قوبادی و بیژه‌ن زەمانپیرا لە کۆمپانیای مژ فیلم، بە یادی ھەموو کۆڵبەرانی ژن و پیاو کە ئەمڕۆ لە کارەساتبارترین حاڵەتدا بۆ بژیوی ژیانیان بە دوای ناندان".

بەهمەنی قوبادی لە نێو ٢٥ دەرهێنەری دیار و ناسراوی سەدەی ٢١، لە لایەن ڕەخنەگرانی سینەما و ڕێكخراوی "ڕۆتن تۆمتۆ" دیاری كرا و ناوی ئەم دەرهێنەرە لە ڕیزبەندی دەرهێنەرە جیهانییەكان تۆمار کراوە و وەك فیلمسازێكی ناوداری كوردستانی ڕۆژهەڵات بە هۆگرانی سینەمای جیهان ناسێنرا و بووه‌ ئه‌ندامى ئۆسكار.

 قوبادى خاوه‌نى فیلمه‌كانى، ساتێك بۆ مەستی ئەسپەکان، لە ساڵی ٢٠٠٠، گۆرانییەکانی وڵاتی دایکیم، لە ساڵی ٢٠٠٢، کیسەڵەکانیش دەفڕن، لە ساڵی ٢٠٠٤، نیوەی  مانگ، لە ساڵی ٢٠٠٦، کەس ئاگا‌ی لە پشیلە ئێرانییەکان نییە لە ساڵی ٢٠٠٩دا".

بەهمەن قوبادی، ساڵى ١٣٤٨ لە شاری بانەی کوردستانی ڕۆژهەڵات، چاوی بە دنیا هەڵێناوە؛ دواتر پیشەی فیلمسازی هەڵبژاردووە و هەتا ئێستە بەناوبانگترین فیلمسازی کوردە. فیلمەکانی بەھمەن قوبادی لە فێستیڤاڵەکان و کێبەڕکێیەکاندا خەڵاتیان پێ دراوە.

شایانی باسە، ناوبراو، لە ساڵی ٢٠٠٠ کۆمپانیای مژفیلمی (Mij Films) بۆ خزمەتی زیاتر بە بواری سینەما دامەزراندووە.