کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کۆنگرەی ئەمریکا هاتە ئاراوە/ ئارش ساڵح: دانووستانە ناوکییەکان کاریگەریی نەرێنیی لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ لە ئێراندا هەبووە

15:37 - 29 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: لە درێژەی دیدار و چاوپیکەوتنەکانی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، ئارش ساڵح سەردانی کۆنگرەی ئەمریکای کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، ئارش ساڵح هاوکاری بەشی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٧ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، سەردانی کۆنگرەی ئەمریکای کرد و لەگەڵ \'\'جاستین زۆرن\'\' ئەندامی یاریدەدەری کۆنگرە کۆبووەوە.

پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران، رێژەی پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ پاش هاتنە سەرکاری رۆحانی و کاریگەریی دانووستانە ناوکییەکانی ١ + ٥ و رێژیم لەسەر خرابتربوونی رەوشی مافی مرۆڤ بەشێک لەو باسانە بوون کە لەو کۆبوونەوەیەدا هاتنە ئاراوە.

ئارش ساڵح لەو دیدارەدا وتی: هەر چەشنە گوشارێک بۆسەر ئێران لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە کاریگەریی هەیە و سازش و مامەڵە لەگەڵ ئێران کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەو رەوشە هەبووە.

پرسی نەتەوەکانی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی کورد، بەشێکی دیکەی باسەکانی ئەو چاوپیکەوتنە بوو و پاڵپشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بزاڤی رزگاریخوازیی نەتەوەی کورد لەلایەن ئارش ساڵحەوە هاتە ئاراوە.