
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕەشەمە لە کەمپی "ئازادی" پێشانگایەک بە ناوی "شاخ بە دەنگی شار دێتە گۆ" لەلایەن وێنەگر و پێشمەرگە "بەختیار نەزەریـ"ـیەوە بەڕێوە چوو.
ئەو وێنانەی کە لە پێشانگاکەدا نمایش کراون، تایبەت بە پێشمەرگە و کۆکراوەی ئەزموونی کاری هونەریی یەک ساڵی ڕابردووی وێنەگر بوون.
وێنەکان دێکۆمێنتاری ژیانی پێشمەرگەن کە زۆربەیان لە شاخەکانی کوردستان و مەتەرێزی شەرەف گیراون.
ئامانج لە کردنەوەی ئەو پێشانگایە نمایشی "فەلسەفەی ڕاسان"، "شار چەقی خەباتە" و "شاخ پاڵپشتی خەباتی شار و بەردەوامی لە خەبات" بووە. هەر بۆیە لە وێنەکانیشدا ئەوە بە ڕوونی وەبەرچاو دەکەوێت.
وێنەگر لەو بارەوە وتوویەتی: "بۆ داهاتووش لە ژانری جیاوازدا کاری هونەری دەکەم و بەردەوام دەبم".
"بەختیار نەزەری" پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و خەڵکی شاری "ڕوانسەر"ە. زیاتر لە ١٧ساڵە کاری هونەری دەکات و ئەزموونی چەندین پێشانگای تاکەکەسی و گرووپیی لە خۆرهەڵات و چەندین زانکۆی ئێراندا هەیە و خاوەنی چەندین خەڵاتی هونەرییە.