کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کەمپی "جێژنیکان" پێشانگایەکی وێنە کرایەوە

13:12 - 8 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی پینجشەممە ڕێکەوتی ٨ی بانەمەڕ لە کەمپی "جێژنیکان" پێشانگایەک بە ناوی "شاخ بە دەنگی شار دێتە گۆ" لەلایەن وێنەگر و پێشمەرگە "بەختیار نەزەریـ"ـیەوە بەڕێوە چوو.

ئەو وێنانەی کە لە پێشانگاکەدا نمایش کراون، تایبەت بە پێشمەرگە و کۆکراوەی ئەزموونی کاری هونەریی یەک ساڵی ڕابردووی وێنەگر بوون.

وێنەکان دێکۆمێنتاری ژیانی پێشمەرگەن کە زۆربەیان لە شاخەکانی کوردستان و مەتەرێزی شەرەف گیراون.

ئامانج لە کردنەوەی ئەو پێشانگایە نمایشی "فەلسەفەی ڕاسان"، "شار چەقی خەباتە" و "شاخ پاڵپشتی خەباتی شار و بەردەوامی لە خەبات" بووە. هەر بۆیە لە وێنەکانیشدا ئەوە بە ڕوونی وەبەرچاو دەکەوێت.

وێنەگر لەو بارەوە وتوویەتی: "بۆ داهاتووش  لە ژانری جیاوازدا کاری هونەری دەکەم و بەردەوام دەبم".

"بەختیار نەزەری" پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و خەڵکی شاری "ڕوانسەر"ە. زیاتر لە ١٧ ساڵە کاری هونەری دەکات و ئەزموونی چەندین پێشانگای تاکەکەسی و گرووپیی لە خۆرهەڵات و چەندین زانکۆی ئێراندا هەیە و خاوەنی چەندین خەڵاتی هونەرییە.

ئەو پێشانگایە مانگی ڕەشەمە لە کەمپی "ئازادی" کرابووەوە.