کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە کەمپی دێگەڵە یادی لە دایک بوونی دوکتورقاسملوو بەرز ڕاگیرا

19:01 - 1 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کەمپی دێگەڵە ڕێوڕەسمێكیان بەبۆنەی یادی لەدایک بوونی د.قاسملوو و شەوی یەڵدا بەڕێوە برد.

ڕۆژی هەینی، ٣٠ی سەرماوەز، یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێورەسمێکیان بەبۆنەی  "٨٨"ەمین ساڵیادی لە دایکبوونی ڕێبەری نەمری گەلەکەمان د.قاسملوو و شەوی یەڵدا لە کەمپی دێگەڵەدا بەڕێوە برد.

سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێك بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر پەیامی دەستەی بەڕێوەبەری یەکیەتی لاوان لەلایەن "واحید ئەحمەدی" ئەندامی بەڕێوبەریی یەکیەتی لاوان بەم بۆنەوە خوێندرایەوە.

پاشان "زانیار بەهاری" باسێکی لەسەر کەسایەتی د.قاسملوو و کاریگەرییەکانی لەسەر بزاڤی نەتەوەیی کورد پێشکەش کرد.

دواتر مۆمی ٨٨ ساڵەی لە دایک بوونی د.قاسملوو لەلایەن دوو پێشمەرگەی دێرین و سەردەمی کۆماری کوردستان بە ناوەکانی "سۆفی مەحموود ئاقایی و مەلا  عەبدووڵا"ەوە هەڵکرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا دوو سروود  لەلایەن "نیزام سەجادی و محەممەد محەممەدزادە"وە  پێشکەش کرا.

بڕگەیەکی تری ئەم ڕێوڕەسمە تەرخان کرابوو بۆ پێدانی لەوحی ڕێزلێنان بە هونەرمەندان "شۆڕش ئاهی، سامان سەیدئەحمەدی و نیزام سەجادی" وەک ڕێزگرتنێک لە ماندووبوونەکانیان.

پاشان پەخشانێک لەژێر ناوی "شەوی یەڵدا" لە نووسینی "جەماڵ فەتحی(کۆچەر)" ، لەلایەن "سامڕەند زاگرۆس"ەوە خوێندرایەوە.

دواتر "غوڵام فاتحی" سروودێکی بەم‌ بۆنەوە پێشکەش کرد.

پاشان "ڕامیار شامورادی" شیعرێکی لە ژێر ناوی "ڕووناکییەک لە نێو شەوەزەنگدا" لە نووسینی "شەریف فەلاح" پێشکەش کرد.

بڕگەیەکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمە تەرخان کرابوو بۆ گۆرانی فۆلکلۆر، کە لەلایەن "نیزام سەجادی"ەوە پێشکەش کرا.

ئەم ڕێوڕەسمە بە هەڵپەڕکێ، شایی و خۆشی بەشداربووان کۆتایی پێهات.