کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە گوندی "ئاختەتەر"ی بۆکان ڕێز لە "ئەحمەد نافعی" مامۆستای قوتابخانە گیرا

12:45 - 18 جۆزەردان 2722

لە گوندی "ئاختەتەر"ی بۆکان سەر بە پارێزگای ورمێ، لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێز لە ٣٢ ساڵ زەحمەت و تێکۆشانی مامۆستای قوتابخانەی گوند "ئەحمە نافعی" گیرا.

لەو ڕێوڕەسمەدا بەشێک لە شاعیران، نووسەران، هونەرمەندان و خەڵکی مەدەنی بەشدارییان کردووە.

دانیشتووانی گوند باس لەوە دەکەن کە مامۆستا "نافعی" هیچ کات تەنیا وەک مامۆستایەک هەڵسوکەوتی نەکردووە، بەڵکوو لە کاروباری وەک "پاک و خاوینی، بیناسازی و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەدا" بەردەوام بەشدار بووە.

قوتابییانیش باس لەوە دەکەن: "لە هەر دەرفەتێک بۆ بردنەسەرەوەی زانیاریی ئێمە کەڵکی وەردەگرت و ڕۆژ بە ڕۆژ ئێمە باشتر گەشەمان دەکرد؛ هەروەها لەژێر هەوڵ و تیکۆشانی مامۆستا نافعی توانیمان ڕێنووسی کوردیی سۆرانی فێر بین و زمانەکەمان باشتر بناسین".

مامۆستا "ئەحمەد" دوای ماوەی ٣٢ ساڵ دەڵێت: "هەست دەکەم تەنیا ٣٢ ڕۆژ کارم کردووە".