کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە گوندی بێمزورتێ لە نێوان خەڵک و سپای پاسداران شەڕ و تێکهەڵچوون ڕووی دا

10:26 - 30 سەرماوەز 2720

هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە شنۆ دەست بە سەر ژمارەیەک مەڕ و ماڵاتی خەڵک دابگرن و لە ئاکامدا هێزەکانی ڕێژیمی ئێران تەقە لە خەڵک دەکەن و هاووڵاتییەک بریندار دەکرێت و ٥ کەسی دیکەش دەسبەسەر دەکرێن.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی سەرماوەز، هێزێکی سپای پاسدارن بە بیانووی قاچاخی مەڕ و ماڵات و هەناردەکردنی بۆ باشووری کوردستان هەڵیان کوتاوەتە سەر گوندی "بێمزورتێ" کە دواتر هێزەکانی ڕێژیم تەقە لە خەڵک دەکەن.

دوای ئەوەیکە ڕێژیم دەست بە سەر هەندێک لەو مەڕ و ماڵاتەی خەڵکدا دەگرێت خەڵکی ئەو گوندە بە ژن و منداڵەوە دەڕۆن مەڕ لە هێزەکانی سپا بستێننەوە؛ لەو کاتەدا هێزەکانی سپا لە ترسی خەڵک تەقەی دەکەن و ژمارەیەکی زۆر لە مەڕی هاووڵاتییان مردار دەبێتەوە.

هاوکات هاووڵاتییەک بە ناوی "هـ" لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە بە قۆنداغی چەک لێی دەدرێت و بریندار دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارن ٥ هاووڵاتی بە ناوەکانی: "ش.ل، د.ل، س. ر، ر.ی و ن.ی" دەسبەسەر دەکرێن.

هێزەکانی ڕێژیم بە بنەماڵەی ئەو ٥ کەسیان ڕاگەیاندووە هەتا مەڕەکان ڕادەستی سپا نەکەنەوە ئەو ٥ کەسە ئازاد ناکەن.