بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" لە دوای ئەوەیکە خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" لە ڕێوڕەسمی ٢٢ی ڕێبەنداندا بەشدارییان نەکرد، ڕێژیمی ئێران بۆ ئەوەیکە خەڵک فریو بدات و لە ڕێوڕەسمەکانی دیکەدا بەشداری بکەن خۆراک لەنێو خەڵكدا بڵاو دەکاتەوە.
لەو ڕێوەڕەسمەدا بەرپرسانی ڕێژیم بە زۆرەملێ سروودی تایبەت بەو ڕۆژەیان لەبەر منداڵان کردووە و بە قوتابییانیان وتووە کە ئەگەر لەو ڕێوڕەسمەدا بەشداری نەکەن لە قوتابخانە دەر دەکرێن.
ڕێژیم لە ٢٢ی ڕێبەنداندا کە خۆیان پێشبێنی ئەوەیان کردبوو خەڵکی "تەنگیسەر" پیشوازی لەو ڕێوڕەسمە ناکەن، پێنج مینیبووسی خەڵکی دەرەوەی لە شوێنی دیکە هێنابوو و لە مزگەوتی گوندی "تەنگیسەر" جێگیر کردبوو و جگە لە چەند کەسێکی هەڵخەڵەتاو کەسی دیکەی خەڵکی "تەنگیسەر" بەشدارییان نەکرد.
هەروەها ڕێژیم بە قوتابییانی ئەو گوندەی وتبوو کە ئەگەر شاخە گوڵێک بۆ پێشوازیکردن لە بەرپرسان بێنن بڕی ٢٥٠ هەزار تمەن خەڵات وەردەگرن، بەڵام سەرەڕای ئەو بڕە پارەیەش منداڵان ئامادە نەبوون ئەو کارە بکەن.
بەرپرسانی ڕێژیم هەر یەکە و چەپییەکیان بۆ قوتابییان هێنابوو کە لە ملیان بکەن، بەڵام قوتابییان ئامادە نەبوون و ڕێگەیان نەدا ئەو چەپییانەش بخەنە ملیان.