ڕۆژی سێشەممە ٢١ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب لە گوندی "مەڵقەرەنی" سەر بە شاری سەقز چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
لەو چالاکییەدا دوو ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە دوو شوێنی جیاجیای گوندەکە و یەک لەوان قووتابخانەی ئەو گوندە هەڵکران.
پاشان لەسەر دیواری ماڵەکانی گوندەکە درووشمی "پیرۆز بێت ٢ی ڕێبەندان ساڵیادی کۆماری کوردستان، سڵاو لە حیزبی دێموکرات دامەزرێنەری کۆماری کوردستان و بژی حیزبی دێموکراتـ"ـیان نووسیوەتەوە.
هەروەها چەندین سیدی تایبەت بە دووی ڕێبەندان لە نێو ماڵەکانی مەڵقەرەنی بڵاو کراوەتەوە.
هەر لەو پەیوەندییەدا بەپێی هەواڵێک کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە لە گوندی "مەڵقەرەنی" سەر بە شاری سەقز دوای ئەوەیکە چالاکیی تەبلیغی لەو گوندە کراوە و لەو چالاکییەدا ئاڵای پیرۆزی کوردستان هەڵدراوە لەلایەن بەناو مامۆستایانی قوتابخانەی ئەو گوندە و بە بڕیاری بەڕێوەبەری قوتابخانەکە لەلایەن سەرایداری قوتابخانەکەوە یەکێک لە ئاڵاکانی کوردستان دەهێنرێتە خوارەوە و پاشان دەسووتێندرێ و بێڕێزی پێ دەکرێ.
هەروەها ئەو سەرچاوەیە باس لەوە دەکات کە کۆمەڵێک ژنی ئەو گوندە ئاڵاکەی دیکەیان بەڕێزەوە پێچاوەتەوە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
ناوی ئەو کەسانەی ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان لەو گوندە سووتاندووە لەلای کوردستان میدیا بە پارێزراوی دەمێنیتەوە.