کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە گوندی "نۆریاو" خەڵک بە جێگای ئاگری نەورۆز گوندەکەیان خاوێن کردەوە

11:33 - 2 خاکەلێوه 2720

سەرەڕای نوێبوونەوەی ساڵی کوردی؛ ئەمساڵ لە شار و گوندەکانی  کوردستان بەهۆی ئەوەیکە نەخۆشیی کۆرۆنا بڵاو بوویەوە؛ خەڵک بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە لە خاوێنکردنەوەی شار و گوندەکان سڵیان نەکرد.

دانیشتووانی گوندی  "نۆریاو" سەر بە شاری پاوە بە جێگای هەڵکردنی ئاگری نەورۆز، بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دەستیان بە خاوێنکردنەوەی گوندەکەیان کرد.

دانیشتوانی ئەو گوندە ڕایانگەیاندووە، ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاگری نەورۆزمان  هەڵنەکرد؛ بەڵام دیسانیش نەورۆز لە هەموو خەڵکی کوردستان پیرۆز دەکەیەن.

خەڵکی تێکۆشەری گوندی نۆریاو باسیان لەوەش کردووە خۆمان لە هەڵکردنی ئاگری نەورۆز پاراست، بەڵام لاوانی نۆریاو بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ شۆرا،  دێھیار و بەرپرسی تەندروستیی ئەو گوندە دەستیان بە پڕژاندانی ئەو گوندە بە دەرمانی دژەگەند کرد.

لەو هەوڵەدا کوچە، کۆڵان و ماڵەکانی نۆریاو لەلایەن خەڵکەوە دژەگەند کرا.

لاوانی ئەو گوندە ڕایانگەیاندووە کە ئێمە لەسەر ئەرکی ئەخلاقی و نیشتمانیی خۆمان دەستمان بە خاوێنکردنەوەی ئەو گوندە کردووە.

لە کۆتاییدا خەڵکی گوندی نۆریاو پیرۆزبایی نەورۆزی ٢٧٢٠ی کوردیان لە سەرجەم خەڵکی کوردستان کردووە.