ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەشەمە سێزدەهەمین کتێبخانەی ناوچەیی لەلایەن گرووپی "گەشە و پەرەپێدانی فەرهەنگی کتێبخوێندنەوەی موکریانی مەهاباد" لە گوندی "وسووکەند" کرایەوە.
تا ئێستا گوندەکانی "قوڵەسەن"، "قزڵقۆپی"، "کۆسەکەرێز"، "خوڕخوڕە"، "قەرەقشڵاخ"، "لەج"، "دارەلەک"، "سەیداوا"، "خانەگێ"، "گوێکتەپە"، "ئیندرقاش" و "وزنتاش" کتێبخانەیان لێ دروست کراوە.
ئەو کتێبخانانە ژووری تایبەت بە منداڵان و هۆڵی گەورە بۆ گەورەساڵانیان هەیە.
ئەو کتێبانەی کە لەو کتێبخانە بوونیان هەیە زیاتر باسی "فەلسەفە"، "ڕۆمان"، "ئەدەبیات"، "مێژوو" و "فەرهەنگـ"ـن.
هاووڵاتییان باس لە کەمیی خزمەتگوزاریی کتێبخوێندنەوە لە دێهاتەکان لەچاو شار دەکەن و پێیان وایە کە دێهاتەکانیش بەهۆی بوونی خوێنەری کتێبی زۆر پێویستە گرینگیی زیاتریان پێ بدرێت.
گرووپی "گەشە و پەرەپێدانی فەرهەنگی کتێبخوێندنەوەی موکریانی مەهاباد" بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی جیاوازیی ئیمکاناتی خوێندنەوە لەنێوان دێهات و شارەکان هەوڵ دەدات.
ئامانجی ئەو گرووپە لە دروستکردنی کتێبخانە لە دێهاتەکان بردنەسەرەوەی ئاستی زانیاریی خەڵک و پڕکردنەوەی کەموکۆڕیی ئیمکاناتی خوێندنەوەیە.