کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ٢١ی خەرمانان خەڵکی کوردستان "نا"یەکی گەورەیان بە ڕێژیمی ئێران وتەوە

12:46 - 21 خەرمانان 2720

ئەمڕۆ ٢١ی خەرمانان دووهەمین ساڵوەگەڕی مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستانە، بە مەبەستی مەحکوومکردنی مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکرات و لەسێدارەدانی سێ زیندانیی سیاسیی کورد لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە.

دوابەدوای ڕووداوی ١٧ی خەرمانان، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ڕوو لە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە و داوای مانگرتنی گشتییان کرد.

دوای ئەو داواکارییەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانان سەرجەم شارەکانی کوردستان بە تێکڕا دووکان و بازاڕەکانی خۆیان داخست و بەم کارە، کردەوە تاوانکارانەکانی ڕێژیمیان مەحکووم کرد و "نا"یەکی توندیان بە ڕێژیم وتەوە.

ڕێکەوتی ١٧ی خەرمانانی ساڵی ٩٧ی هەتاوی، ڕێژیمی ترس‌ لێنیشتووی تاران بە مووشەکی زەوی بە زەوی مەقەڕەکانی دێموکراتی لە کۆیە کرد بە ئامانج و بوو بەهۆی شەهیدبوون و برینداربوونی پۆلێک ئازادیخواز و تێکۆشەری کوردستان و هاوکات سێ زیندانیی سیاسیی کوردی لەو ڕۆژە لەسێدارە دا.