کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ٢٦ی خەرماناندا کوردستان تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێرانیان مەحکووم کرد

12:45 - 26 خەرمانان 2720

پێشمەرگەکانی شار، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شار و گوندەکانی کوردستان بەبۆنەی ٢٨ـەمین ساڵوەگەڕی تێرۆرکرانی دوکتور "شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی، وێڕای بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغی، تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێرانیان مەحکووم کرد.

پێشمەرگەکانی شار لە "ئاڵیاوێـ"ـی شنۆ بە بڵاوکردنەوەی سەدان تراکت و پوستێری تایبەت بە ٢٦ی خەرمانان چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و یادی ئەو شەهیدە مەزنانەیان بەرز ڕاگرت.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە "سەقز" و زۆربەی کۆڵان و شەقامەکانی شار لە چالاکییەکی تەبلیغیدا وێنە و تراکت و پوستێری پەیوەندیداریان وەک وەفایەک بۆ شەهیدانی "میکۆنووس" بڵاو کردەوە.

لە "بۆکان" بۆ چەندەمین جار پێشمەرگەکانی شار ڕێزیان لە شەهیدانی ٢٦ی خەرمانان گرت و پەیمانی وەفادارییان دووپات کردەوە.

ئەو شوێنانەی "بۆکان" کە چالاکیی تەبلیغیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە" "فەلەکەی بەسیج، کۆی محەممەد، فەرهەنگییانی یەک، مەیدانی فووتباڵ، شەقامی فەرمانداری، فەلەکەی فەرمانداری، شەقام و کۆڵانەکانی میرئاوا، شەقامی زانکۆی پەیامی نوور، شەقامی ئیستەخر، ئابشار، شەقامی تێرمیناڵ، مزگەوتی نوور، شەقامی دادگوستەری، کۆڵانی دامپزیشکی، شەقامی کاریگەر، شەقامی ساڵمەندان، شەقامی حاجی شاخە، نەخۆشخانەی قەدیم، قوتابخانەکانی میراوای کۆن، مزگەوتی جامیعەی میراوا و سێڕێیانی خاوەران".

هەروەها پێشمەرگەکانی شار لە شارەدێی "نێ" بە نووسینی دروشم، نووسراوە، بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێری تایبەت بە ساڵیادی تێرۆرکرانی دوکتور "شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی شەقام و کۆڵانەکانیان ڕازاندەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٢٨ـەمین ساڵڕۆژی تێرۆرکرانی دوکتور "شەرەفکەندی" و هاوڕێیانی پەیامیان بڵاو کردووەتەوە.