کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ٣ی مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ٣ میلیارد دۆلار سەرمایە لە ئێران براوەتە دەرەوە

17:02 - 6 خەزەڵوەر 2721

بانکی ناوەندیی ئێران لە ڕاپۆرتی وەرزانەی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە تەنیا لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٠ تەرازی حیسابی سەرمایە، نەرێنی ٣ میلیارد و ١٧٤ ملیۆن دۆلار بووە.

ئەو ڕێژەیە لە چوونەدەرەوەی سەرمایە لە بەراورد لەگەڵ سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٩٩، نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار گەشەی هەبووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە ژمارەی پاڵێوراوی حیسابی سەرمایەی کورتماوە و درێژماوە لە بەهاری ئەمساڵدا بە ڕیز نەرێنی ٢ میلیارد و ٩٥٢ ملیۆن دۆلار و  ٢٢٢ ملیۆن دۆلار ڕاگەیاندراوە.

هەروەها ئاڵوگۆڕ لە داراییەکانی بانکی ناوەندی بەرابەری ٦٩٩ میلۆن دۆلار بووە.

ئەگەر ڕەوتی چوونەدەرەوەی سەرمایە لە ٩ مانگی داهاتوو بەردەوام بێت، تەرازی حیسابی سەرمایە لە ساڵی ١٤٠٠ نزیکەی نەرێنی ١٣ میلیارد دۆلار بەراورد دەکرێت. ئەو ڕێژەیە لە ساڵی ١٣٩٩ نزیکەی ٧ میلیارد و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بووە و لە ساڵی ١٣٩٨ نزیکەی ٨ میلیارد و ١٠٠ ملیۆن دۆلار بووە.

پێشتر ''مەسعود خانساری'' بەرپرسی ژووری بازرگانیی تاران وتبووی کە بەپێی هەڵسەنگاندنەکانیان لە ساڵەکانی ٩٨ و ٩٩ نزیکەی ١٠٠ میلیارد دۆلار سەرمایە لە ئێران چووەتە دەرەوە.

ناوبراو وتبووی، بەشی زۆری ئەو سەرمایەیە بە شێوەی کۆچکردن لە ئێران، سەرمایەگوزاری لە وڵاتانی ڕۆژاوایی و کڕینی خانووبەرە لە وڵاتانی دراوسێی ئێران دەڕواتە دەرەوە.

وڵاتی ئێران بەهۆی ناسەقامگیریی سیاسی، گرژییە نێونەتەوەییەکان و گەمارۆی قورسی ئابووری، هیچ حەزێکی بۆ سەرمایەگوزاری تێدا ناکرێت و لەوبارەوە گەشەی نەرێنیی هەبووە.