کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ٢٥ی گەلاوێژدا پۆلێک لە لاوانی شۆڕشگێڕ پەیوەست بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەوە بوون

18:00 - 25 گەلاوێژ 2720

لە جێژنی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، پۆلێک لە لاوانی شۆڕشگێڕ تێکەڵاو لە کوڕان و کیژانی نیشتمان، چەکی پیرۆزیی نیشتمانیان لەشان کرد و سەلماندیان کە ڕێبازی قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی درێژەی هەیە.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی، دەورەی ٢٤٣ی سەرەتایی پێشمەرگەی کوردستان بە بەشداریی ئەندامانی ڕێبەرایەتی، کادر، پێشمەرگە و بەرپرسانی سیاسی و نیزامی بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنی سرووی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر "کاوە بەهرامی" بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وێڕای ئەویکە پیرۆزبایی ئەو دەورەیەی لە بەشداربووانی دەورەکە کرد، چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

دوای وتەکانی "بەهرامی"، شێعرێک لەژێر ناوی "بۆ خاک و نیشتمان" لەلایەن بەشداربووی دەورە، هاوڕێ "موبین" خوێندرایەوە.

لە درێژەی ڕێورەسمەکەدا ڕاپۆرتی پەروەردەیی فێرگە، لەلایەن "هێمن ڕەسووڵ ئابادی" مامۆستای فێرگەوە پێشکەش کرا.

دواتر پەیامی دەورەی ٢٤٣ی سەرەتایی پێشمەرگە، بەبۆنەی کۆتایی دەورە لەلایەن هاوڕێ "حەبیب" بەشداربووی دەورەوە پێشکەش کرا.

لەو دەورەیەدا سێ کەسی یەکەم لە بواری تاقیکارییە سیاسی و نیزامییەکان و هەروەها سێ کەسی یەکەم لە بواری نەزم و دیسیپلینەوە لەلایەن بەرپرسانی فێرگەوە خەڵات کران.

لە کۆتایی ئەو ڕێوڕەسمەدا گۆرانییەک لەلایەن هاوڕێیان "فواد و ئەیووب" بەشداربووانی دەورەوە پێشکەش کرا.