کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە یادی ٣٠ ساڵەی شەهیدکرانی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوودا

11:17 - 19 پووشپەڕ 2719

لوقمان مێهفەر

قسەکردن لەسەر کەسایەتی سیاسیی دوکتور قاسملوو، ڕۆڵی ڕێبەری کردنی لە بزاڤی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد و باندۆڕی لەسەر حیزبی دێموکرات، پێویستی بە خوێندنەوەیەکی زانستی لە ڕوانگەیەکی بەراوردکارییەوە هەیە و گرنگیشە کە دادپەروەرانە ئەو کارە بکرێت؛ بۆیە لەو نووسینە کورتەدا من خۆم لەو باسە دەبوێرم و وەک پێشمەرگەیەکی ڕێبازی دێموکرات و هاوکات ڕێبوارێکی ڕێبازی پیرۆزی شەهید دوکتور قاسملوو سەرنج دەخەمە سەر چەند تایبەتمەندییەکی بەرزی ئەو ڕێبەرە کاریزمایەی نەتەوەکەمان. لەڕاستیدا هەر چەندە تا ئێستا چەندین تێزی ماستەر و دوکتورای لەسەر نوسراوە کە بە بڕوای من مافی خۆیەتی بەڵام هێشتا کەمیان نوسیوە و گوتووە، بەڵکوو دەبێ بیر و هزری شەهید قاسملوو وەک بەشێک لە بەرنامەی پەروەردە لە قوتابخانە و زانکۆکانی کوردستاندا بگونجێندرێ.

 پێشەکی دەمهەوێ بڵێم کە بۆ یاد لە شەهیدانمان دەکەینەوە؟ فەلسەفەی یادکردنەوە یان ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان چییە؟ مەگەر ئەوە نییە لەو ساتەدا کە بەپێوە دەوەستین بیر لە ئامانج و خەسڵەتە بەرزەکانی شەهیدان دەکەینەوە؟ لە سی ساڵەی شەهیدکرانی ڕێبەری نەمرمان دوکتور قاسملووی بیرمەنددا ئەوەی دەبێ سەرنجی بدەینێ و لێی فێر بین هەمان ئەو تایبەتمەندییە بەرزانەن کە ئەگەر بیانکەینە سەرمەشقی ژیان و تێکۆشانمان ئەوا هەم لە ئاسۆی گەیشتن بە سەرکەوتنی خەبات نزیکتر دەبینەوە و هەمیش ڕۆحی شەهیدان شاد دەکەین و ناو و یادیشیان زیندوو ڕادەگرین.

ئەخلاقی سیاسی

شەهید قاسملوو فێری کردین لە سیاسەتدا پابەندی ئەخلاق بین چوونکە باوەڕێکی قووڵی بە پشتیوانی خەڵکی کوردستان هەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا کە سیاسەتی حیزبەکەی هێزێکی کاریگەری جەماوەری و چەکداری خاوەن دەیان هەزار پێشمەرگەی لەپشت بوو بەڵام لەو باوەڕەدا بوو کە هەرگیز نابێت حیزبی دێموکرات بەشێوەیەک سیاسەت بکات کە زیان بە هاوبەش و هاوخەباتەکانی خۆی بگەیەنێ کە تووشی هەڵەیەک بێت دواتر نەتوانێ قەرەبووی بکاتەوە. ئەوە بنەمایەکی سەرەکی بوو لە هزری قاسملوودا کە باڵی بەسەر سەرجەم ڕێکخراوەکانی حیزبی دێموکراتدا کێشا و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت ڕەچاوی ئەو ئەسڵە دەکرێت. ڕەنگە پابەندبوونی حیزب بەو ئەسڵەوە حیزبی دووچاری کێشە و ئاستەنگی کاتی کردبێتەوە بەڵام دەرەنجام، پڕەستیژ و متمانەی حیزب زیادی کردووە. هەر لەو ڕاستایەدا ئیستراتیژیک بیری دەکردەوە و فێری دەکردین ئیستراتیژی فیدای تاکتیک نەکەین، بەرژەوندی گشتی و نەتەوەیی لە سەرەوەی بەرژەوەندی کەسی و حیزبی دابنێین.

یاساتەوەری

بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی حیزبی دێموکرات وەک دەستوور یان یاسای بنەڕەتی هەر وڵاتێک دەکرێ چاوی لێ بکرێ و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ. بەتایبەتیش بەرنامەی حیزبی دێموکرات کە مەبەستییەتی کۆمەڵگایەکی کراوە و دێموکرات و دادپەروەر دابمەزرێنێ، نزیک بە تێکڕای ئەو مەرج و پێوەرانەی کە دەبێ کۆمەڵگایەکی لەو چەشنە هەیبێ لەو بەرنامەیەدا هەیە. بێگومان کڕۆکی بەرنامەکە و هەموارکردنەوەشی کاریگەری بیرتیژی و دونیابینی شەهید قاسملووی لەسەر بووە و بە تێپەڕینی کات بایەخ و گرنگی ئەو بەرنامەیە زیاتر دەردەکەوێت. جگە لەوە شەهید قاسملوو زۆر یاسا و ڕێسای دیکەی پەیوەست بە حیزب و شێوەی خەباتەکەی لە چوارچێوەی بڕیار و ڕاسپاردەدا دەگەیاندە تەشکیلاتی حیزب کە هەر یەکێک لەوان دەرخەری ڕوانگەی یاساتەوەری و یاسامەندی ئەو بوون کە پێشوەختە دەیهەویست ئەندامانی حیزبەکەی خۆی بە ڕێزگرتن لە یاسا بار بهێنێ تا لە داهاتوودا ئاسانتر بتوانێ جێبەجێی بکات.

تەنانەت لە کاتی خەباتی چەکداری و لە بەرامبەر تووندوتیژی و کاولکارییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا ڕێگەی نەدەدا یاساکانی شەڕ لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە پێشێل بکرێن، چوونکە پێیوابوو کە کەسی شۆڕشگێڕ و هێزی پێشمەرگە هیچ کاتێک نابێ هەڵەی دووژمنەکەی دووبارە بکاتەوە یان وەک ئەو ڕەفتار بکات. بەڵکوو بەلایەوە گرنگ بوو کە باوەڕی ئاشتیخوازانە و مرۆڤدۆستی ئێمە دەبێ لە کاتی شەڕیشدا بە کردەوە بچەسپێ؛ وەک نموونە ئازادکردنی دیلەکانی شەڕ و تیمارکردنی دیلە بریندارەکان پابەندبوونی حیزبی دێموکرات بە یاساکانی جەنگەوە نیشان دەدات. هەربۆیەش خەباتی چەکداری حیزبی دێموکرات وەک خەباتێکی بەرگری نەتەوەیی ڕەوا پێناسە کرا و دونیاش بە چاوی خۆی دیتی کە کێ داگیرکەر و تیرۆریستە.

مرۆڤتەوەری و مافی ژن

حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی جەماوەری مەزن تێکڕای چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا خۆیان تێدا دەبیننەوە و ئەوان پێکی دەهێنن. ئەوەش کە چۆن دەکرێ حیزبێکی سیاسی ئەو هەموو جیاوازییانە لە خۆیدا بۆ مەبەستێکی سیاسی لە تەشکیلاتێکدا جێگا بکاتەوە لەوانەیە بۆ چەند هۆکار بگەڕێتەوە: یەک لەوان بیری نەتەوەخوازی و ڕزگاری نیشتمان کە حیزبی دێموکرات ئاڵاهەڵگری ئەو خەباتەیە بە درێژایی مێژووەکەی، هۆکارێکی دیکەش نرخدان بە کەسایەتی تاک و ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ و بۆچوونەکەیەتی. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شەهید قاسملوو پێداگری کردن بوو لەسەر ئەوەیکە ئەندامی حیزب دەبێ ئازاد بێ لە دەربڕینی بیر و بۆچوونەکانیدا، تاک بە گشتی دەبێ ئازاد بێ لە بیرکردنەوەدا و نابێ بێدەنگ بکرێت. ئەو کۆمەڵگای خۆی باش دەناسی و ڕێزی لە جیاوازییەکانی دەگرت. هەوڵی دەدا تاکەکان بەشدار بکات لە خەباتدا و متمانەبەخۆبوونیان لا بەهێز بکات. دەرفەتی ڕەخساند تا ئەندامانی حیزب خۆیان پێبگەیەنن و خۆ پەروەردە بکەن، زیاتر لە پیاوانیش پشتیوان و هاندەری ژنان و کچان بوو تا لەو هەلومەرج و بارودۆخەی ئەوکات کە زۆر شتیان لەدەست چبوو بتوانن قەرەبووی بکەنەوە. باوەڕی قووڵی بە بەشداری و چالاکی ژنان لە شۆڕشدا هەبوو و جێی بەتاڵی ئەوانی وەک خاڵی لاواز دەبینی. ڕوانگەی شەهید قاسملوو سەبارەت بە مافی ئەندام بە گشتی و مافی دەربڕین بەتایبەتی ڕوانگەیەکی کراوە و دێموکراتییانە بوو هەربۆیەش لە حیزبی دێموکراتدا بە ئاسانی هەست بە ئاراستە جیاوازەکان و بۆچوونە هەمەچەشنەکان دەکەین، بە واتایەکی دیکە ئەندامان ئازادن لە دەربڕین و بیروباوەڕیان تا ئەو کاتەی بەرژەوەندییەکانی حیزب و نەتەوە نەکەنە ئامانج کە زیان بە هەمووان بگەیەنێت یان ئازادی و مافی کەسانی دیکە پێشێل نەکات.

واقعبینی لەنێوان سەربەخۆییخوازی و پێکەوەژیاندا

بەداخەوە کوردستان بەهۆی داگیرکاری و دوژمنانی دیکتاتۆرەوە بە قۆناخی جیاوازدا تێپەڕیوە و دووچاری توانەوە و قەڵاچۆکردن بۆتەوە. لەگەڵ ئەوەش کە خەبات بۆ دژایەتی داگیرکەران هەر هەبووە بەڵام بە خواست و ویستی دڵخواز نەگەیشتووە و کوردەکان بەگشتی بێ وڵات و کیانی سەربەخۆی خۆیانن. سەبارەت بە ڕوانگەی شەهید قاسملوو لەسەر خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵات، زۆر جار لایەن یان کەسانی هەلپەرست بەوە تۆمەتباری دەکەن کە داوای مانەوەی لە چوارچێوەی ئێراندا کردووە و لەبەرامبەریشدا دوژمنانمان بە جوداخواز کە هەوڵی پارچەکردنی ئێران دەدات ناوی دەبەن. لەڕاستیدا یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە بەرزەکانی شەهید قاسملوو سەربەخۆییخوازی بوو کە لە کەسایەتی خۆیدا ڕەنگی دابۆوە. وەک کەسایەتی خاوەن هزر و تێڕوانینی خۆی بوو و نەدەکەوتە ژێر کارتێکەری هیچ تەوژمێکی فکری. ئەو تایبەتمەندییە کەسییەی شەهید قاسملوو توانی سەربەخۆیی سیاسیش بۆ حیزبی دێموکرات بگێڕێتەوە. ئەوە لە لایەک، لە لایەکی دیکەوە جگە لە کۆماری کوردستان وەک لوتکەی ئاواتی گەلی کورد بە ڕێبەری حیزبی دێموکرات، ئەوا دیسان هەر حیزبی دێموکرات بوو کە خودموختاری و مافی خۆئیدارەکردنی کوردستانی بە بێ شەرت بۆ کوردستان داوا کرد و خەباتی بۆ کرد و قوربانی گەورەشی لە پێناوی دا؛ بەڵام خودموختاری لە ڕوانگەی قاسملوودا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو واقعبینییە سیاسییەی کە بە هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی کوردستان و ناوچەکە کردوویەتی لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە باوەڕی قووڵی بە هاتنەدی دێموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی گەلانی دیکەی ئێران لەگەڵ گەلی کورد و کرانەوەی دەرفەت و سنوورەکان بەڕووی کوردستاندا تا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بتوانێ لەبەرەوپێشبردنی کاروباری وڵاتەکەیدا کەڵکی لێوەربگرێت.

لە کۆتاییدا وێڕای سەری ڕێز و کڕنۆش بۆ بیر و هزری شەهید قاسملوو، ڕوو بە نەیاران و دوژمنانی حیزبی دێموکرات و شەهید قاسملوو دەڵێم کە دوای ٣٠ ساڵ لە تیرۆرکرانی ئەو ڕێبەرە مەزنەی نەتەوەکەمان تا دێت شوناسی نەتەوەیی زیاتر ڕەگ دادەکوتێ و تیشکی ڕێنوێنی و هزری قاسملوو بەتینتر و مەودادرێژتر دەبێ و ڕێگا و ڕێبازی پڕ لەسەروەری خەبات و تێکۆشانە پیرۆزەکەشی بەربەرینتر و ئاوەدانتر دەبێ.