کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئیلام خەڵک داوایان لە بەرپرسانی عێراق کردووە کێشەکانیان چارەسەر بکەن

11:38 - 28 رەزبەر 2720

گرانی لە بازاڕەکانی ئیلامدا هەتا ئاستێک بەرز بووەتەوە کە خەڵک ناڕەزایەتییان دەربڕیوە ڕایانگەیاندووە کاربەدەستەکان لە خەودانە و کەس بەرپرسیار نییە.

گۆشتی مریشک لە پارێزگای ئیلام بەردەوام نرخەکەی گران دەبێت و ستادی تەنزیمی بازاڕ ئیدعای کردووە بۆ کۆنترۆڵی نرخی بازاڕ، ئێمە گۆشتی پێویستمان ڕەوانەی بازاڕ کردووە.

خەڵکی ئیلام ڕایانگەیاندووە لە ماوەی ٧ مانگی ڕابردوودا یەک کیلۆ گۆشتی مریشک لە پارێزگاکانی دیکەوە نەهاتووەتە ناو بازاڕی ئیلامەوە.

نرخی هەر کیلۆ گۆشت لە ئیلام ٢٥ هەتا ٢٧ هەزار تمەنە.

هاوکات بەهۆی ئەوەیکە کێڵگەکانی پەلەوەر مریشکیان پێ نەدراوە ئێستا لە بازاڕدا گۆشت کەمە.

سەرەڕای ئەوەیکە گۆشت لە بازڕدا کەمە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران گۆشتی مریشک هەناردەی عێراق دەکەن.

خەڵک لە پارێزگای ئیلام ڕایانگەیاندووە ستادی تەنزیمی بازاڕ توانای بەرپرسیارەتی نییە و بەڕێوەبەرانی دەسەڵات ئیتر توانای ئیدارەکردنیان نەماوە.

 کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران هۆکاری گرانبوونی گۆشتی مریشک لە بازاڕدا بۆ نرخی دراو، گرانبوونی دان و خۆراک دەگەڕێننەوە.

نرخی گۆشت لە شارەکانی کوردستان بەردەوام ڕووی لە هەڵکشاندایە بەڵام هەتا ئێستاش کاربەدەستانی ڕێژیم هیچ ڕێگایەکی گونجاویان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گرانی پێ نەبووە .

خەڵک بەهۆی گرانی و کۆنترۆڵی نەکردنی نرخی شتومەکەکان لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە داوایان لە بەرپرسانی عێراق کردووە کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەن.