کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئیلام لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ١٤ کەس بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەست داوە

11:24 - 21 خەزەڵوەر 2720

پارێزگاری ئیلام وتوویەتی لە ماوەی شەو و ڕۆژێکی ڕابردوودا بەهۆی کۆرۆنا ١٤ کەس لە پارێزگای ئیلام گیانیان لەدەست داوە و دۆخی ئەو پارێزگایەی بە مەترسیدار و قەیراناوی وەسف کردووە.

"قاسم سولەیمانی دەشتەکی" پارێزگاری ئیلام، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی ڕێژیم بەنیسبەت دۆخی کۆرۆنا لەو پارێزگایە هۆشداریی داوە و وتوویەتی ڕۆژی دووشەممە ٥٣٥ حاڵەتی نوێی تووشبووی کۆرۆنا لەو پارێزگایە  تۆمار کراوە و ١٠ کەسیش گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها سەرۆکی ستادی بەرەنگاربوونەوەی دژی کۆرۆنا لە پارێزگای ئیلام وتوویەتی بەهۆی زۆربوونی ڕێژەی تووشبووانی کۆرۆنا لەو پارێزگایە، چیتر ئیمکاناتی ئێمە وڵامدەری ئەو ڕێژە زۆرەی تووشبووانی نییە هەر بۆیە ناچار بووینە یاریگایەکی وەرزشی تایبەت بکەین بە تووشبووانی کۆرۆنا.

لە دوای هاتنی شەپۆلی نۆیی کۆرۆنا پارێزگاکانی کوردستان بە دۆخێکی مەترسیداردا تێپەڕ دەبن و بە پێچەوانەی ئامارەکانی ڕێژیم ئاماری ڕاستەقینەی تووشبووان و گیان لەدەستداوانی کۆرۆنا زۆر زیاتره.