کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئیلام گرانی و نەبوونی خزمەتگوزاری پلەی یەکەمیان هەیە

12:14 - 14 جۆزەردان 2720

پارێزگای ئیلام لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کە لە بواری بێکارییەوە پەلەی یەکەمی لە ئاستی ئێران و کوردستاندا هەیە، گرانی و نەبوونی خزمەتگوزایش بە کێشەی بێکاری زیاد بووە.

نرخی شتومەکەکان لە پارێزگای ئیلام لە ئاستێکدایە کە ئیلام وەک گرانترین پارێزگای کوردستان و ئێران دیاری کراوە.

نرخی خانووبەرە لە پارێزگای ئیلام بە بەراورد لەگەڵ تاران لە ئاستێکدایە کە پێکەوە بەراورد ناکرێت.

هاووڵاتییان لە پارێزگای ئیلام باس لەوە دەکەن، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لاوان هان دەدن ژیانی هاوبەش پێک بێنن، بەڵام بیر لەوە ناکەنەوە لە ئیلام کار نییە و گرانیش پلەی یەکەمی هەیە.

هەر لە پارێزگای ئیلام خەڵک بەهۆی نەبوونی خزمەتگوارییەوە ناڕەزایەتییان دەربڕی.

دانیشتووانی گوندی "هەفت کیەنی" بەنیسبەت کارەکانی "خوسرەوی" بەڕێوەبەری گشتیی بونیادی مەسکەنی ڕێژیم ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

دانیشتووانی ئەو گوندە باسیان لەوە کردووە، بۆچی دوای ٤٠ ساڵ لە تەمەنی ئەو دەسەڵاتە، "خوسرەوی" دێت کوچە و کۆڵانەکان ئاسفاڵت دەکات.

بەپێی قسەی دانیشتووانی ئەو گوندە، بونیادی مەسکەن تەنیا هەندێک لە کوچەکانی ئاسفاڵت کردووە کە ئەوەش تەنیا بۆ ئەوەیە وێنەی لێ بگرن و بینێرن بۆ تاران.

پارێزگای ئیلام ئەگەرچی لە بواری سەرچاوە ژێرزەوییەکانەوە دەوڵەمەندە، بەڵام کێشە و گرفتەکان لەو پارێزگایە لەلایەن ڕێژیمەوە پشتگوێ خراوە.