کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە یوبیلی ئەڵماسی حیزبی دێموکرات!

14:07 - 19 گەلاوێژ 2720

بێکەس قادر

ئەندامی دەفتەری سیاسیی و بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان

سەدەی بیستەم بۆ گەلی کورد، سەدەی كەوتن‌ و هەستانەوە بوو، سەدەی بیستەم بۆ حیزبی دێموکرات، سەدەی دەركەوتن، سەركەوتن‌، كەوتن ‌و بەرەنگاربوونەوەی ستەم‌ و ئەستەم بوو.

حیزبی دێموكرات، وەك یەك لە حیزبە دێرینەكانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، لە ١٥ی ئابی ٢٠٢٠ زایینی بەرامبەر بە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی، كاروانی تێكۆشانی ٧٥ ساڵ تێپەڕ دەكا، لەو نێوانەدا گەلێك هەوراز و نشێوی تەی كردووە، سەرباری ئاستەنگەكانی سەر ڕێی تێكۆشانی، وەكوو هێزێكی كارا و كاریگەر لە خەبات‌ و ڕێبەرایەتیكردنی بزاڤی نەتەوەیی گەلی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕۆڵی بڕیاردەرانەی هەیە.

 لە مێژووی بزووتنەوەی سیاسیی كوردستان، خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموكرات خەزێنەیەكی گەورە و پڕ لە وانەیە، بۆیە پێویستە نەك هەر ئەندام‌ و ڕێبەرانی خاوەنێتی لێ بكەن، بەڵكوو دەبێ هەموو ئەوانەی لەم سەروەرییانەدا، بەشیان هەیە و پشكیان بەردەكەوێ، خاوەنێتی لەو ئەمانەتەی پێشەوا بكەن‌ و پێكەوە بەشدار بن بۆ دەستەبەركردنی داهاتوویەكی باشتر.

دیارە شتێكی شاراوە نییە، كە نهێنی مانەوە و بەردەوامبوونی حیزبی دێموكرات بۆ پشتیوانی خەڵك دەگەڕێتەوە، بۆیە هیچ لەوە گرینگتر نییە، كە لە یووبیلی ئەڵماسیدا، لە یەكێك لە داخوازییەكانی خەڵك زۆرتر نزیك ببێتەوە،  كۆتایی بە لێكترازان بهێنرێ ‌و نێوماڵی دێموكرات وەسەریەك بخرێتەوە.

بەڵگەنەویستە سەرەڕای جیاوازی لە شێوەی خەبات لە بردنەپێشەوەی داخوازییەکان، بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد یەک ئامانجی هاوبەشی هەیە. لەو پێوەندییەدا سیاسەتی حیزبی دێموكرات،  لەبەرانبەر پرسی بەشەكانی كوردستان، كە لەسەر بنەمای هاریكاری‌ و هاوكاری لەنێوان بەشەكان سەرچاوەی گرتووە، نەك دەخالەت كردن، دەرككردنی بەرپرسیاریەتیی نەتەوەییە، پێویستە لە داڕشتنی نێوەڕۆكی ستراتیژێكی هاوبەشی كوردستانی ڕەنگ بداتەوە.

حیزبی دێموكرات وەك لە مێژووەكەی دەردەكەوێ، لە ڕابردوودا، چەندە مەحكوم بە دابەشبوون ‌و ململانێی ئایدیۆلۆژی بووە، ئێستاش ئەوەندە بە كرانەوە ‌و ئەبدێتكردنی تاكتیك‌ و ئامانجە سیاسییە هەنووكەییەكانی مەحکومە، كە فەرامۆش كردنی لە قازانجی بزووتنەوەکە نییە.

ئەگەر لە دیدگایەكی بابەتیانەی سیاسییەوە، تەماشای مێژووی ٧٥ ساڵ خەبات لەپێناو ئازادی بكرێ، سەرەڕای بەربەستەكانی بەردەم تێكۆشانی، سەرەڕای هەڵە‌ و خاڵە لاوازەكانی، لە جێگەی خۆیدایە ئەمە وەبیر بهێنینەوە كە حیزبی دێموكرات بۆ تێكۆشان‌ و كۆڵنەدان، قوتابخانەیە، هەر بۆیە هەڵدەگرێ، ئەم ڕەوەندە مێژووییە، نەك هەر وانەی سیاسی لێ هەڵبهێنجرێ، بەڵكوو دەبێ پتر شەنوکەو بکرێ و بەر تیشکی توێژینەوەی بابەتی و زانستیانە بدرێ، وەك ڕێبازێكی سیاسی تیۆریزە بكرێ.

لەو بۆنەیەدا ئەوەی جێی خەفەتە ئەوەیە، كە هێشتا گەلی كورد لە ئێران لەژێر چەوساندنەوەی نەتەوەییدایە، تەنانەت مافی خوێندنی بە زمانی زگماكی خۆی پێ ڕەوا نابیندرێ، لەم سەردەمەدا مامۆستا زارای محه‌ممه‌دی لەسەر فێركردنی زمانی زگماكی منداڵانی كورد بە دە ساڵ زیندانی حوکم دەدرێ.

 حیزبی دێموکرات لە یەکەمین ڕاگەیەندراویدا، لە ڕاگەیاندنی دامەزرانی ڕوو لە هاونیشتمانان دەكات ‌و دەڵێ: ئێمە بێجگە لە مافی ڕەوا و ئینسانی خۆمان هیچمان ناوێ. ئەو داوایەی حیزبی دێموكرات ئەوسا و ئێستاش بۆ هەموو بەشەكانی كوردستان، هەر لەجێگەی خۆیدایە ، كە گەلی كورد بێجگە لە مافی ڕەوا و ئینسانی خۆی هیچی دیكەی ناوێ، تا ئەو مافە لە گەلی کورد زەوت بکرێ، خەباتەکەی ڕەوایە و لەو سۆنگەیە کە ئەم کاروانە بێ پسانەوە، هەروا بەردەوامی هەیەو

 "سەد شەهەنشاه و پادشا مردن   

سەیری کە کوردی ئێمە هەر کوردن".

لە یوبیلی ئەڵماسی حیزبی دێموکراتدا، دروود بۆ گیانی  پێشەوا، قاسملوو ، شەرەفکەندی و هەموو شەهیدانی کوردستان.