کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە یەکەم ڕۆژی بەناو "دهە فجر" ٢٠٠ کرێکاری ئێگزۆز خۆدرۆ دەرکران

11:02 - 14 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بەناو نوێنەری نەیشابوور لە مەجلیسی ڕێژیم هەواڵی دەرکرانی ٢٠٠ کرێکاری کۆمپانیای ئیگزۆز خۆدرۆی خۆراسانی پشتڕاست کردەوە کە هۆکارەکەی بۆ مایەپووچ بوونی کۆمپانیاکە گەڕێندراوەتەوە.

هاوکات لەگەڵ دەسپێکی دەیەی بەناو فەجر و شایی و خۆشی کردنی بەرپرسانی ڕێژیم، ٢٠٠ کرێکاری کۆمپانیای ئێگزۆز خۆدرۆ لەسەر کارەکانیان دەرکران و ٢٠٠ بنەماڵەی تر پەیوەست بە چینی بێکار و بێداهاتی ئێران بوون.

"هاجەر چنارانی" بەناو نوێنەری نەیشابوور لەمبارەوە ڕایگەیاندوە: "پاش هاتنە سەرکاری ڕوحانی بەڕێوەبەرێکی نوێ بۆ ئەم کۆمپانیا دانرا کە هیچ شارەزاییەکی لە کاروباری کۆمپانیاکە نەبوو؛ ئێستاش دەرنجامی ناشارەزاییەکەی دەبینین کە دەبێ کرێکارە بێتاوانەکان جەوری بەڕێوەبەرییە لاوازەکەی ئەو بکێشن".

ناوبراو وتوویەتی: "لێژنەی بەڕێوەبەریی ئەم کۆمپانیا لە ساڵی ٨٨دا بڕیاری دا کارخانەی کاتالیست بە ١٥ میلیارد وامەوە لە نەیشابوور دابمەزرێت بەڵام بە لابیگەرییەکانی بنەماڵەی بەڕێوەبەرە نوێیەکە ئەم کارخانە بۆ قۆم ڕاگوێزرا؛ واتە بەڕێوەبەریی هەر دوو کارخانەکە لە ئەستۆی یەک نەفەر بوو کە ڕوونە سەرپەرستی کردنی دوو یەکەی وەها گەورە کاری کەسێکی وەک "موونسان" نییە".

بەڕێوەبەریی ناتەندرووست و ناشارەزایانە و بەشێوەی "سلیقەای" یەکێکە لە بچووکترین کێشەکانی ئەمڕۆی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە خۆی بەهۆی بوونی دیاردەی خزم‌خزمێنە و هاوپیاڵەبوونەوە لە سیستمی دەسەڵات سەری هەڵداوە.