کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێران تەندروستیی خەڵک دەکرێتە قوربانیی ڕێوڕەسمەکانی مانگی "موحەڕەم"

13:03 - 5 گەلاوێژ 2720

سەرەڕای بوونی مەترسیی کۆرۆنا و تووشبوونی زیاتری خەڵک، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، دەبێ ڕێوڕەسمە ماتەمێنییەکانی مانگی "موحەڕەم" لەوپەڕی شکۆ و گەورەییدا بەڕێوە بچێت.

لە نوێترین کۆبوونەوەی ستادی بەرەنگاربوونە لەگەڵ کۆرۆنا، "ڕووحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران پێداگریی کردووە لەسەر ئەوەی کە دەبێ ماتەمێنیی "تاسووعا و عاشوورا" لە هەموو ناوچەکانی سوور و زەرددا بەڕێوە بچێت.

"ڕووحانی" باسی لەوە کردووە کە هەر چۆنێک بێت دەبێ مانگی "موحەڕەم" بە گەورەیی و بەربڵاوی بەڕێوە بچێت و کەس مافی نییە درز بخاتە نێوان ئایین و زانستەوە.

پێشتریش پێشنوێژی هەینیی شاری "مەشهەد" ڕەخنەی لە دەوڵەت گرتبوو کە شەش مانگە مزگەوت و شوێنە ئایینییەکان داخراون و خەڵک لە ئایین دوور کەوتوونەتەوە.

ئەو ئاخوندەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە دوورکەوتنەوە لە ئایین زۆر مەترسیدارترە لە کۆرۆنا و دەبێ هەموو بۆنە ئایینی، ماتەمێنی و نوێژە هەینییەکان وەک خۆی بەڕێوە بچێت.

ئەو هەوڵەی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستادا گەورەترین مەترسییە بۆ سەر تەندروستی و ژیانی خەڵک و دەوڵەتی "ڕووحانی" و ڕێژیم ناکارەمەترین دەوڵەتی جیهان بوونە کە نەیانتوانیوە یان نەیانویستووە ئەو ڤایرۆسە کۆنترۆڵ بکەن.

ئاماری ڕۆژانەی وەزارەتی تەندروستی و بەرپرسانی دیکەی ڕێژیم بەنیسبەت کۆرۆناوە خۆی دەرخەری ئەو ڕاستییەیە. ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سیستەمێکی ئیدئۆلۆژیکی بەرتەسک و چەقبەستووە کە تەندروستیی خەڵک دەکاتە قوربانی بۆ بەرەوپێشبردنی ئیدئۆلۆژی و سیاسەتە فاشیستییەکانی خۆی.