کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێران دەرمان دەست ناکەوێت و لە سێ ساڵی ڕابردوودا ٥٧٠ نەخۆشی تالاسمی گیانیان لەدەست داوە

18:14 - 20 بانەمەڕ 2722

"ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران ناسراو بە "قازیی مەرگ" ڕۆژی دووشەممە ١٩ی بانەمەڕ لە وتووێژێکی تێلێڤیزیۆنیدا وتوویەتی: "دراوی تەرجیحی دەسڕینەوە و لەجێی گەڵاڵەی بەخەڵکیکردن و بڵاوکردنەوەی یارانەی کاڵای بنەڕەتی بە شێوەی دادپەروەرانە دادەنێین".

قازیی مەرگ لە درێژەدا وتوویەتی، لەو گەڵاڵەیەدا تەواوی خەڵک بەبێ جیاوازی یارانەی نان و دەرمانی تەندروستییان پێ دەدرێت و بە هیچ شێوەیەک نرخی نان، دەرمان و بێنزین بەرز نابێتەوە.

ئەو قسانەی "ڕەئیسی" لە حاڵێکدان کە بەپێی بڵاوکراوەی "عەلی فاتمی" جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی دەرمانسازان، لە ئێران دەرمانی تەندروستی بە کەمی دەست دەکەوێت.

هەروەها ئاماری نوێی ئەنجومەنی تالاسمیی ئیران پیشان دەدات کە بەهۆی نەبوون و کەمیی دەرمان لە ساڵی ١٤٠٠ هەتا ئێستا ١٧٠ نەخۆش گیانیان لەدەست داوە. هەروەها لە سێ ساڵی ڕابردوودا بە گشتی ٥٧٠ کەس کە بە نەخۆشیی تالاسمی گیانیان لەدەست داوە، تۆمار کراون. 

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران و ژێردەستەکانی لە حاڵێکدا گرانییە سەرسووڕهێنەرەکانی دەرمان ڕەت دەکەنەوە و باس لە دابینکردنی بودجەی دەرمان دەکەن، ڕۆژانە خەڵک لە پێش دەرمانخانەکان بۆ دابینکردنی دەرمان لە ڕیزدا ڕادەوەستن یان لە بازاڕی ئازاد بۆ دەرمانی پێویست دەگەڕێن.