کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"لە ئێران مامۆستایانی مانگرتوو بە گشتی چییان دەوێ؟"

18:15 - 13 رەشەمه 2718

حەسەن ساڵح‌زادە

بە پێی راگەیەندراوی شورای هاواهەنگی پێکهاتە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران، خولی نوێی ناڕەزایەتییەکان کە رۆژانی ١٢، ١٣ و ١٤ رەشەمە دیاری کراون، دەستی پێکرد. لە راگەیەندراوەکەدا داوای بەشداری چالاکانە لە تێکڕای مامۆستایانی ئێران کراوە و لەودا چەند خاڵی بەرچاو هاتووە کە وەک هۆکاری مانگرتنەکان بۆ رای گشتی بڵاو کراونەتەوە.

ئەو بڕگانەی کە شوڕای هاواهەنگی بۆ هاتنەدەنگی مامۆستایان بانگەوازی بۆ کردوون بە کورتی بریتین لە:

- کۆتاییهێنان بە کەرتی تایبەت و راگرتنی ئەستاندنی پارەی زۆرەملی لە قوتابیان بە بیانووی جۆراوجۆر کە ئەمانەش دژایەتی ئاشکرایان لەگەڵ بەندی ٣٠ یاسای بنەڕەتی ئێران هەیە. بە پێی ئەو بەندە ئەرکی دەوڵەتە کە لە هەموو ئاستەکاندا کەرەستە و پێداویستی خوێندن بە شێوەی خۆڕایی بۆ قوتابی و خوێندنگەکان ئامادە بکا.

-  لابردنی کۆسپەکانی بەردەم چالاکی پیشەیی مامۆستایان، بەپێی یاسای بنەڕەتی هەر جۆرە چالاکییەک کە هەڵگری پەیامی توندوتیژی نەبێت و دژایەتی بنەما ئایینییەکانی دینی ئیسلام نەکا ئازادە، بەڵام ئەوەی دەبینرێ لە ناو چالاکییە پیشەییەکاندا لە هی مامۆستایان ئارامتر و ئاشتیخوازانەتر نابیندرێ کەچی بەپێچەوانە هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنیەتییەکان لەهەمبەر داخوازییەکانی چینی فەرهەنگیان بەردەوام ئاوێتە بە گەڵ گرژی و کردەوەی نەشیاو بووە. لە رەوتی کارو چالاکی سەندیکایی مامۆستایاندا لە زۆر حاڵەتدا مەئموورانی حکومەت کە راسپێردراوی ئۆرگانە دەسوازەکانی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتن، بەوپەڕی رووهەڵماڵراوی هەڵیان کوتاوەتە سەر ناڕازیان و بە شێوازی جۆراوجۆر تەنگ و چەڵەمەی جیددیان بۆ ساز کردوون. مامۆستایانی ناڕازی وەبەرلێدان و بێحورمەتی بوونەتەوە، نوێنەرە بەهەڵوێست و چاونەترسەکانیان رەوانەی سیاچاڵەکان کراون و لە دادگا فۆرمالیتەکانی سەر بە دەزگای ستەم و تاوانی رێژیمی دواکەوتووی ئاخوندەکاندا تووشی سزای ئەشکەنجە، دەربەدەری، زیندانی و تەنانەت سێدارە بوونەتەوە. ئێستاش بەشێکی بەرچاو لە مامۆستایانی چالاکی سەندیکایی لە زینداندان. دیارە هەروەک چالاکی بوارەکانی دیکە، لێرەشدا بەشی مەینەتی مامۆستایانی کوردستان لە هەموان زیاتر بووە. هەنووکەش چەندین مامۆستای مافخوازی کورد لە شارەکانی سنە، دیواندەرە، سەقز، کرماشان و هتد وەبەر ڕق و هەڕەشەی دژەمرۆڤانەی دەزگای بەناو دادی حکومەتی چەقبەستووی ئێران کەوتوون. شەبەحی شوومی ناوەندە دژەئینسانییەکانی وەک حەراسەت، گوزینش، بەسیج و ئیتلاعات هەرکام بە جۆرێک لە دوای سیخوڕی وێڵن و کەشی ناو قوتابخانەکانیان بە تەواوی ناشیرین کردووە. جێی ئاماژەیە کە مەسەلەی ئازادی مامۆستایانی زیندانی بەشێکی گرینگ لە داواکاری سەندیکاکەیانە.

- هاواهەنگ کردنی سیستمی مووچەی تێکڕای کارمەندانی حکومەت و تەرخان کردنی بوودجەی عادڵانە بۆ پرسی پەروەردە، لە حاڵێکدا کە نیزامی سەرلێشەواوی ئێران بانگەشەی دەسەڵاتی عەداڵەت و بەرابەری دەکا و هەڵبڕینی هەر جۆرە دەنگێکی ناڕەزایەتی بە دژایەتی لەگەڵ قانوونی خودا دەشوبهێنێ، ئەوە دەبینین پانتایی کۆمەڵگەی ئێران لە بێعەداڵەتی و نایەکسانی نوقم بووە. وەزارەتی پەروەردە و فێرکاری بەهۆی نەبوونی مووچەی پێویست دەناڵێنێ، لە ئاکامدا پرسی خوێندن تووشی تەنگەژەی گەورە و بگرە قەیران بۆتەوە. خوێندنگەکان لە پێدانی ئیمکاناتی رۆژ بێبەرین، بینای قوتابخانەکان ترس و هەڕەشەی داڕمانیان لە سەرە، سەرانەی قوتابیان بنبڕکراوە و لە بەرانبەردا وەزارەتی پەروەردە بە شێوەی نایاسایی و ناشەرعی گوشارەکەی خستۆتە سەر شانی بنەماڵەکان، مووچەی مامۆستایان لە چاو هێزەکانی لەشکری و ئەمنیەتی و ... لە نزمترین ئاستی خۆیدایە و بە هیچ جۆر لەگەڵ رێژەی هەڵاوسان یەک ناگرێتەوە، مامۆستایان بۆ ئەوەی بتوانن بەرپرسایەتی ژیانێکی ئاسایی بۆ بنەماڵەکانیان دەستەبەر بکەن، بە ناچاری روویان لە پیشەی جۆراجۆری وەک کاری پلە٢ کردووە. بەشی زۆری گرفتەکانی ئەم قۆناخەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بوودجەی عادڵانە بۆ وەزارەتی پەروەردە تەرخان ناکرێ و ئەمەش وەک یەکێک لە بەندە سەرەکییەکانی هۆکاری ناڕەزایەتی مامۆستایان دەستی وەسەرخراوە.

- بیمەی فەرهەنگیان، مامۆستایان داوکاری سەقامگیرکردنی جۆرێک لە بیمەی تەزمین سڵامەت و کۆمەڵایەتین کە لە رێگەی ئەوەوە بتوانن لە نێو دنیای گەندەڵ و زەبەلاحی وەزارەتی بێهداشت و دەرماندا بە سڵامەتی بتوانن ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان رزگار بکەن. فەسادی ئیداری و پێوەندی ناسالمی نێوان ئۆرگانەکانی بیمە و کاربەدەستانی بواری پزیشکی دەرفەتێکی سازکردووە کە لەودا مافیایەک لە بازەرگانی بە نەخۆش و پرسی سڵامەتی کۆمەڵگەی ئێران بێتە ئاراوە، هەر بۆیە رێکخراوی پیشەیی مامۆستایان لەم دۆخە نارازین و داوای چارەسەری گونجاو دەکەن.

هەر وەک بینرا، یەکەم رۆژی مانگرتنی سەراسەری بە سەرکەوتوویی و بەرینتر لە جاران بەڕێوە چوو. بە پێی هەڵسەنگاندنی دۆخی نالەباری پرسی پەروەردە و بەردەوامی روانگەی ئەمنیەتی پارێزەرانی جەهل و نەزانی، وا شیمانە دەکرێ کە چالاکییەکان لە دوو رۆژی داهاتوودا چڕتر و بەرینتر بە ئەنجام بگەن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.