کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێران مانگانەی زانکۆکانیان بە بیانووی کۆرۆنا زۆرتر کردووە

12:22 - 25 پووشپەڕ 2720

بەرپرسانی زانکۆی ئازاد لە ئێران بە خوێندکارانیان ڕاگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی تێچووی خوێندنی ئانلاین زۆرە، دەبێ مانگانەی زیاتر بدەن.

خوێندکاران لە چەند زانکۆیەکی ئازاد لەهەمبەر بردنەسەرەوەی مانگانەی خوێندکاران ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە، بەڵام پێیان ڕاگەیەندراوە کە بەهۆی تەشەنەسەندنی کۆرۆنا داهاتی زانکۆ کەمی کردووە و بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمیی داهات دەبێ مانگانەی خوێندکاران زیاتر بکرێت.

ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕ، "ئەحمەد حەیدەری" وتەبێژی زانکۆی ئازادی ئێران لە وڵامی ناڕەزایەتیی خوێندکاران لەهەمبەر بردنەسەرەوەی مانگانەی خوێندکاران وتوویەتی: "تێچووی خوێندنی ئانلاین لە خوێندنی ئاسایی زیاترە، بۆیە دەبێ بە مانگانەی خوێندکاران گرانیی خوێندنی ئانلاین قەرەبوو بکرێتەوە".

هەروەها ئەو بەرپرسەی ڕێژیم ڕایگەیاندووە: "کۆرۆنا شوێندانەریی بووە لەسەر کەمبوونی داهاتی زانکۆی ئازاد، بۆیە ئێمە دەبێ کەمیی داهاتەکانمان لە ڕێگەی مانگانەی خوێندکارانەوە قەرەبوو بکەینەوە".

"حەیدەری" بەنیسبەت ئەو خوێندکارانەی کە کەمداهات و هەژارن و توانای دابینکردنی مانگانەی زانکۆیان نییە وتوویەتی: "ئێمە هیچ ڕێگەچارەیەکمان بۆ ئەو خوێندکارانە نییە و دەبێ خۆیان بە بیری دابینکردنی مانگانەی خۆیانەوە بن".

پێشتریش "ڕەسووڵ خزری"، ئەندامی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیسی ڕێژیم، لە وتووێژێک لەگەڵ یەکێک لە ڕۆژنامەکانی نێوخۆی ڕێژیم، لەبارەی بەرزیی ئاستی ڕێژەی بێکاریی دەرچووانی زانکۆ هۆشداریی دابوو و ڕایگەیاندبوو کە ڕێژەی بێکاریی دەرچووانی زانکۆ، سێ بەرابەری ئاستی بێکارانی نەخوێندەوارە.

بەگشتی ڕێژیمی ئێران هۆکاری سەرەکیی دابەزینی ئاستی زانیاری، زانستی خوێندنگا و زانکۆکان  و بەتایبەتی جەوی ڕووناکبیریی نێو زانکۆکانە، لەلایەکی دیکەشەوە لەبارەی دروستکردنی هەلی کار بۆ خوێندکاران، ڕێژیم کەمترین هەوڵ دەدات و کۆمەڵگای خوێندکاری ئێران خۆیان لەنێو جەوی حاکم لە ئێراندا نابیننەوە و لە کۆتاییدا زۆرینەیان وڵات بەجێ دەهێڵێن.