کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێران، هەژاری خەڵکی ناچار بە فرۆشتنی ئەندامانی جەستە کردووە

13:23 - 14 پووشپەڕ 2720

لە شاری بوومەلەرزەلێدراوی "سەرپێڵ زەهاو" خوێندکارێکی  قۆناغی دوکتورا بەهۆی نەداری و نەبوونی پارەی کرێ‌ ماڵ گورچیلەی خۆی دەفرۆشێت.

خوێندکارێکی قۆناغی دوکتورا لە "سەرپێڵ زەهاو" دوای ئەوەی کە پارەی کرێ و ڕەهنی خانووی نەبووە و نەداری و هەژاری تەنگی پێ هەڵچنیوە، بە بڵاوکردنەوەی ئاگاداری لە دەر و دیوارەکانی ئەو شارە ڕایگەیاندووە کە گورچیلەی خۆی دەفرۆشێت.

بەهۆی گرانیی لەڕادەبەدەر و چوونەسەرەوەی نرخی خانوو و کەلوپەلی خواردەمەنی و پیداویستییەکانی ژیان، خەڵک ناچار بووە بۆ تێرکردنی بنەماڵە و نانی سەر سفرە ئەندامی جەستەی خۆیان بفرۆشن و ژیان و تەندروستیی خۆیان بخەنە مەترسییەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە شاری بوومەلەرزەلێدراوی "سەرپێل زەهاو" سەرەڕای نەبوونی هەلی کار، یارمەتیی ماڵی، خزمەتگوزاری و نۆژەن نەکردنەوەی خانووە ڕووخاوەکان، هەژاری و بێدەرەتانی زیاتر لە هەموو کاتێک ژیانی خەڵکی ئەو شارەی تاڵتر و دژوارتر کردووە.

فرۆشتنی ئەندامانی جەستە لە یەک دەیەی ڕابردوودا لەژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ڕێژەیەکی بەرچاو زۆر بووە و لاوەکان بەهۆی گوشاری ئابووری، ناچارن بەنرخترین سەرمایەی ژیانیان کە ئەندامی جەستە و تەندروستییانە بفرۆشن.

لە ئێران فرۆشتنی گورچیلە، جەرگ، ڕیخۆڵە و گلێنەی چاو بە ڕادەیەکە کە لەلایەن خەڵکەوە ئاسایی سەیر دەکرێت و ڕێژیمی ئێرانیش نەک هەر پێش بەو کارەساتە ناگرێت، بەڵکوو خۆی ڕێخۆشکەر و خەتاباری سەرەکییە.