کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێران و کوردستان، یادی دوکتور قاسملوو بەرز ڕاگیرا

17:14 - 16 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی ئێران و کوردستان، بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، یادی شەهید دوکتور قاسملوویان بەرز ڕاگرت و چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندامانی حیزبی دێموکرات بە نزیکبوونەوەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵیادی تێرۆرکردنی ڕێبەری ناوازەی گەل، دوکتور قاسملوو، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێر و نووسینی دروشم، چالاکیی تەبلیغییان لە شارەکانی ئیسفەهان، ورمێ و مەهاباد ئەنجام دا.

ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات، لە "سی و سێ پۆلـ"ـی شاری ئیسفەهان، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێر، یاد و ناوی ڕێبەری ناوداری کوردیان بەرز ڕاگرت و بەو بۆنەوە چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هاوکات، ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە پردی هەوایی شەهرەکی کارمەندانی شاری مەهاباد، ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان هەڵ کرد و وێنەی شەهید دوکتور قاسملوویان بڵاو کردەوە.

قارەمانانی دێموکرات لە گوندی "خاتوون باغ"، هەتا سێڕێیانی مەهاباد – بۆکان، تراکت و پۆستێری تایبەت بەم ڕۆژەیان بڵاو کردەوە. هەروەها تێکۆشەرانی دێموکرات بەم بۆنەوە، سەردانی گڵکۆی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستانیان، بە ناوەکانی ''فاروق فەرهادی'' و ''عەبدوڵڵا مەحموودی''، لە گوندی "دۆستاڵیـ"ـی ناوچەی مەحاڵی سەر بە شاری مەهاباد، کرد و پەیمانیان لەگەڵ سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان نوێ کردەوە کە هەتا دوادڵۆپی خوێنیان، درێژەدەری ڕێگایان بن.

هەروەها، ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری ورمێ، بە نووسینی دروشمگەلی: "دروود بەر قاسملوو، بژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بژی پێشمەرگە، بژی ڕاسان، دروود بەر شەهیدان و مەرگ و نەمان بۆ سپای تێرۆریستی پاسداران"، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد.