کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێراندا تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام دیسان کاری پێ دەکرێت

13:02 - 18 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەژێر تێغی فیلتێری دەسەڵاتی ڕێژیمدایە و کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە تۆڕی کۆمەڵایەتی دروستکراوی خۆیان دەخەنە بازاڕ.

ڕاگەیاندنەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دانیان بەوە داناوە، کە دوای فیلتێرکردنی تێلگرام، بەکارهێنەرانی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە لە ٦ مانگی دووهەمی ساڵی ٩٧دا، دیسانەوە تێلگرامیان بەکار هێناوەتەوە.

ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، دوای ئەوەی کە تێلگرامی فیلتێر کرد ئەپی وەک: "سروش، ئیتا، گەپ، ئای گەپ، ویسپی، بەیسفۆنـ"ـی دروست کرد، کە هیچ ئەمنییەتێکیان نەبوو و بەکارهێنەرانیشیان حەزیان لە بەکارهێنانی ئەو ئەپانە نەبووە.

بەرپرسانی ڕێژیم، ڕێژەی بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلێگرام بۆ ١٣ هەتا ٢٠ میلیۆن کەس بەراورد کردووە.

ئەگەرچی زۆربەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە ئێراندا فیلتێر کراون، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران خۆیان لە سەرجەم تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا کار دەکەن.

"مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، "جەواد جاویدنیا"، سەرپەرەستی جێگری فەزای مەجازیی دادستانی گشتیی ڕێژیمی ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "ئیسنا" باسی لەوە کردبوو، کە بەشی هەرە زۆری، زانایانی ئایینی، مامۆستایانی زانکۆ و خوێندکاران داوایان کردووە، کە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام فیلتێر بکرێت.

فیلتێرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراندا، بابەتێکە کە بەردەوام ناڕەزایەتیی چالاکانی بواری دنیای مەجاری لێ کەوتووەتەوە و ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە سانسۆری ئینتێرنێت دەکات.