کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێراندا خەرج بە دۆلارە و داهات بە ڕیاڵە

11:50 - 27 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: تێچووەکانی ژیان لە ئێراندا تەنگی بە خەڵک هەڵچینوە، هاوکات قەیرانی ئابووریی و بێکاری ڕۆژ لە دوای ڕۆژدا پەرە دەستێنێت.

لە ئیراندا تێچووەکان بە دۆلارە و داهات بە ڕیاڵە، بەرهەمهێنەر و بەرخۆر هەر دووکیان هەر لە زەرەرن و لەو نێوەدا قازانجی سەرەکی و تایبەت بۆ دەڵاڵەکان و کەسانی سەر بە ڕێژیمە.

ساڵی ڕابردوو، حەقدەستی کرێکاران ٥ هەتا ۱۰ هەزار تمەن بەرز بووەوە، لە حاڵێکدا کیلۆیەک گۆشتی سوور ٥۰ تا ٦۰ هەزار تمەن گرانتر بوو، کە بە پارەی ڕۆژێک کرێکاریی، کرێکار تەنانەت توانایی کڕینی کیلۆیەک گۆشتی سووری نەبووە.

هاوکات لە ساڵی ۹۷دا، نرخی گەنم یک ڕیاڵیش زیادی نەکرد، بەڵام نان بڕی ٣٠ تمەن زیاد کرا.

لەو پێوەندییەدا، نرخی گەنمی ساڵی ۹٨، بڕی ٣٠٠ تمەن بۆ هەر کیلۆیەک زیاد کراوە، کە تۆنێک گەنم نرخەکەی دەکاتە ١ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار تمەن، بەڵام ئەوەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە نان گرانتر ببێت و هەر نانێکی لەواش ببێتە ٥٠٠ تمەن.

بەرنامەی ئابووریی ئێران، لە بنەڕەتدا بەهەڵە داڕێژراوە و ئێستاش لە دوای گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا داڕمانی ئابووری بەرۆکی ڕێژیمی ئێرانی گرتووەتەوە.

کارناسانی ئابووری باسیان لەوە کردووە، کە ساڵی ٩٨ ئابووریی ئێران بەتەواوەتی دەڕووخێت.