کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێراندا نان گرانتر دەبێت

11:33 - 26 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: گرانییەکان لە ئێران و کوردستاندا سنووری قەیرانییەکانیش بەزاندووە و نرخی خواردەمەنییەکان بەردەوام ڕوویان لە هەڵکشانە.

سەرۆکی یەکیەتیی نانە فانتزییەکان باسی لەوە کردووە، کە نرخی نان گرانتر دەبێت و ئەگەری هەیە لە سەرەتا یا کۆتایییەکانی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ ئەو نرخە دیاری بکرێت.

نرخی گرانبوونی نان لە کاتێکدایە هەتا ئێستا نرخی گەنم بۆ ئەمساڵ دیاری نەکراوە.

ساڵی ٩٦ی هەتاوی، ستادی ڕێکخستنی بازاڕ لە کۆتایییەکانی مانگی خەزەڵوەردا، نرخی نانی ١٥ لەسەد گران کرد، بەڵام ئەو بڕیارە دوای چەند ڕۆژ هەڵوەشایەوە. هەنووکەش کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران باس لەوە دەکەن، کە نرخی ئارد و گەنم لە ئێراندا بەرز دەکەنەوە و بە هەمان شێوەش نان گرانتر دەکەن.

"محەممەدجەواد کەرەمی"، سەرۆکی یەکیەتیی نانە فانتزییەکان لە بارەی گرانبوونی نان وتوویەتی: لە بەرانبەر بەرزبوونەوەی نرخی ئاو، کارەبا و گاز نرخی نانیش بەرز دەبێتەوە.

هاوکات "بیژەن نەورۆز"، سەرۆکی یەکیەتیی نانە سونەتییەکان، باسی لەوە کردووە، کە ئەگەر نرخی نان بەرز بێتەوە کارێکی نامەعقولانە نییە، چونکە نانەواخانەکانیش بە نرخی کەم ناتوانن کارەکانیان بەڕێوە ببەن.

ڕۆژنامەی "شەهروەند" بڵاوی کردووەتەوە: "نان گران بێت، کێشی ئەنگوتکەکان کەم دەکەینەوە".

بڕیار وایە نرخی نان لەواش ببێتە ٥٠٠ تمەن، نان تافتوون ١٠٠٠ تمەن و بەربەری و سەنگەک ببێتە ٣ هەزار تمەن.