کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێراندا، نەخۆشەکان پارەیان نییە و لە نەخۆشخانە دەکرێنە دەرەوە

11:30 - 2 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بە هۆکاری قەیران و گوشارە نێوخۆییەکانی وڵاتی ئێران، خەڵکی ئێران و بەتایبەت خەڵکی کوردستان، پارەی نەخۆشخانەیان نییە و ڕێژیمیش هیچ ئاوڕێک لەو خەڵکە ناداتەوە.

بەپێی گرتە ڤیدیۆیەک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، پیاوێکی بەساڵاچوو لە نەخۆشخانەی "تەوحید"ـی شاری سنە، بە هۆکاری نەبوونی پارەی نەخۆشخانە و کڕینی دەوا و دەرمانی نەخۆشییەکەی، بە شێویەکی بێڕێزانە لە لایەن فەرمانبەرانی ئەو نەخۆشخانەوە بە ماشین براوەتە نێو جادە و لە خەڵوەتاییەک بەجێیان هێشتووە.

پێشتریش جێگری گشتیی وەزیری تەندروستیی ڕێژیمی ئێران، بە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ڕاگەیاندبوو کە بە هۆی قەیرانە نێوخۆییەکانی وڵاتەوە و بەتایبەت قەیرانی ئابووری، کە هۆکارەکەی بۆ گەمارۆکانی سەر ڕێژیمی ئێران دەگەڕێتەوە، سەردانی خەڵکی وڵات بۆ چارەسەری و دەرمانکردنی نەخۆشییەکانیان و دڵنیابوون لە تەندروستیی خۆیان کەمتر بووەتەوە و بە ڕێژەیەکی زۆر دابەزیوە.

بە هۆکاری سیاسەتە چەوت و هەڵەکانی دەسەڵاتداران و بەرپرسانی ڕێژیمی زاڵ بەسەر وڵاتی ئێراندا و نابەرپرسیاریەتیی کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە، دەیان قەیران و دیاردە بەسەر ئەو وڵاتەدا زاڵ بوونە و گوشارەکانی ئەم قەیران و دیاردانەش تەنیا لەسەر خەڵکە و بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیم و بەتایبەتی بەرپرسانی باڵای ئەو ڕێژیمە، بە دزی، تاڵان و گەندەڵی، خۆیان لە کێشە و گرفتەکانی نێوخۆی وڵات ڕزگار کردووە و گوشارەکانیش تەنیا لەسەر خەڵکی کوردستان و دانیشتووانی ئێرانە.

گوشارەکانی سەر خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گەیشتووەتە ئاستێک کە جیا لەوەی کە پارەی کڕینی دەوا و دەرمانەکانیان نییە، بەڵکوو تەنانەت پارەی سەردانی نەخۆشانە و ناوەندە دەرمانییەکانیان نییە و بەم هۆیەشەوە یان لە تەندروستی خۆیان دەبێ بێئاگا بن یان لە نەخۆشخانەکان بیانکەنە دەرەوە.