کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێراندا هێلکە و زێڕ کێبڕکێ دەکەن

12:29 - 19 خەرمانان 2720

لە درێژەی شەپۆلی گرانییەکان لە ئێران، ئەمجارەیان هێلکە ڕێکۆردی شکاند؛ هەر شانە هێلکە لە بازاڕ بە ٣٠ هەتا ٣٣ هەزار تمەن فرۆشراوە.

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی خەرمانان، لە بازاڕەکانی کوردستان و ئێران هەر شانە هێلکە بە ٣٠ هەتا ٣٣ هەزار تمەن، یانێ هەر هێلکەیەک بە زیاتر لە ١٠٠٠ تمەن فرۆشراوە و بەنیسبەت چەند ساڵی ڕابردووەوە بەرزترین نرخی خۆی تۆمار کردووە.

ئەگەرچی نرخی پەسەندکراوی دەوڵەتی بۆ هەر شانە هێلکەیەک ١٩ هەزار و ٥٠٠ تمەن دیاری کراوە، بەڵام لە هیچ شوێنێک بەو نرخە بەدەستی خەڵک ناگات.

هەندێک لە بازاڕییان و بەرهەمهێنەرانی کێڵگە پەلەوەرییەکان وتوویانە، هۆی سەرەکیی گرانی و چوونەسەرەوەی نرخی هێلکە بۆ دابەزینی بەرهەمهێنانی ئەو بەرهەمە دەگەڕێتەوە.

بەرپرسێکی پەیوەندیدار لەوبارەوە وتوویەتی، لە داهاتوودا نرخی هێلکە چوونەسەرەوەی زیاتر بەخۆوە دەبینێت و دەبێ خەڵک خۆی بۆ گرانتربوونی ئامادە بکات.

هۆکارێکی گرانبوونی هێلکە دەگەڕێتەوە بۆ هەناردەکردنی ناستاندارد و لەڕادەبەدەر لەلایەن مافیاکانی بازرگانیی ڕێژیمەوە بۆ وڵاتانی ناوچەکە و هۆیەکی دیکە، گرانبوون و نەبوونی دانەوێڵە و خۆراکی پێویستی کێڵگە پەلەوەرییەکانە.

لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، شەپۆلێکی نوێی گرانی بازاڕەکانی ئێرانی بەگشتی گرتووەتەوە و خەڵکی کوردستان و ئێران ڕۆژانە شاهیدی ڕەوتی چوونە سەرەوەی نرخی شتومەکە خواردەمەنییەکانن کە ئەمجارە گرانی، هێلکەی کردووە بە زێڕی سپی.