کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئێراندا کاغەز بۆ کتێب و دەفتەر نییە بەڵام بۆ جگەرە هەیە

11:42 - 24 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەردەوام باس لە نەبوونی و گرانبوونی کاغەز دەکەن، بەڵام هاوکات چەندین میلیۆن دۆلار بە کاغەزی جگەرە دەدەن.

سەرەڕای ئەوەی کە لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران باس لە گرانبوونی لەڕادەبەدەر یان نەبوونی کاغەز لە وڵاتی ئێراندا دەکەن و هۆکارەکەشی بۆ گەمارۆوەکانی سەر ئەو ڕێژیمە لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکاوە دەگەڕێننەوە، هاوکات سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم باس لەوە دەکەن، کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا زیاتر لە چەندین میلیارد تمەنی بۆ کاغەزی جگەرە دابین کراوە.

لەم بارەیەوە، هەواڵدەریی فارس، سەربە ڕێژیم، بڵاوی کردووەتەوە، "محەممەدڕەزا مەسجدی"، بەرپرسی کۆمەڵەی بەرەنگاربوونەوە دژی دۆخانیاتی (جمیعت مبارزە با دخانیات) ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ئێران زیاتر لە ۱۵ میلیۆن دۆلار کاغەزی جگەرەی لە دەرەوەی ئێران هاوردەی ئەو وڵاتە کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، کە ناوەندەکانی خوێندن، چاپخانەکان، ڕۆژنامە، گۆڤار و بڵاڤۆکەکان، چاپەمەنییەکان و هتد، بە هۆکاری نەبوون و یان کەمبوون و گرانبوونی لەڕادەبەدەری کاغەز، زۆربەی چالاکییەکانیان ڕاگرتووە، یان لانیکەم کەمیان کردووەتەوە، تەنانەت زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامە و بڵاڤۆکە گرینگ و پڕخوێنەرەکانی ئێرانیش، بەم بۆنەوە ڕێژەی لاپەڕەکانیان دابەزاندووە و هەروەها ماوەی بڵاوکردنەوەیشیان درێژخایەنتر کردووەتەوە.

ئەم کارە نابەرپرسایەتییانەی ڕێژیم و کاربەدەستانی، لەگەڵ ڕەخنەی توندی، چالاکانی مەدەنی، ڕۆژنامەوانی، سێفنی، خوێندکاران و بەتایبەت چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەرەوڕوو بووەتەوە و بە شێوەی جۆراوجۆر و زۆرجاریش بە شێوە تەنز و توانج ناڕەزایەتیی خۆیان لەم بارەوە دەربڕیوە، کە تاکوو ئێستا هیچ بەرپرسێکی ڕێژیم لە بەرانبەر ئەو ڕەخنە و ناڕەزایەتییانەدا، وڵامدەر نەبووە.

زۆربەی ناڕازییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەم پرسیارەیان ڕوو لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ورووژاندووە، کە وێڕای ئەوەی کە ئەو بەرپرسانە لە هەموو لێدوانە چەواشەکارانەکانیاندا، بە پاساوی گەمارۆوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، باس لە نەبوونی پێداویستییەکان، نەبوون و گرانبوونی کاغەز دەکەن، چۆن ۱۵ میلیۆن دۆلار دەدەن بە کاغەزی جگەرە؟، بەڵام تاکوو ئێستا پرسیارەکانیان هەر وەکوو ناڕەزایەتییەکانیان بێوڵام ماوەتەوە.