کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئەفغانستان هێرشی کرایە سەر کۆنسولگەریی ڕێژیمی ئێران

12:15 - 23 خاکەلێوه 2722

کۆمەڵێک لە دانیشتووانی شاری هەرات لە ئەفغانستان لە کاردانەوە بە هەڵسوکەوتی نەشیاوی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ کۆچبەرانی ئەفغان، لەبەردەم کۆنسولگەریی ئێران کۆ بوونەوە و دەرگای ئەو بنکەیەی ڕێژیمیان سووتاند.

هەروەها لە کابۆلی پێتەختی ئەفغانستان ژمارەیەک لە خەڵکی ئەو شارە ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی خاکەلێوە، لە کاردانەوە بە هەڵسوکەوتی نەشیاوی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

خۆپیشاندەران چەندین وێنەی کۆچبەرانیان لەدەستدا بوو کە لە سەری نووسرابوو: ''ئایا ئەفغانەکان مرۆڤ نین؟!''.

بەپێی ڕاپۆرتەکان خۆپیشاندەران سەرەڕای ئاگرتێبەردانی تەگەر لەبەردەم کۆنسولگەریی ڕێژیمی ئێران، دووربینەکانی ئەو شوێنەیان شکاندبوو.

ڕێژیمی ئێران هەڵسوکەوتی نەشیاو و سووکایەتی بە کۆچبەرانی ئەفغان ڕەت دەکاتەوە و ئەو فیلم و وێنانەی کە هەڵسوکەوتی بێڕێزیی کاربەدەستانی ئێران لەگەڵ کۆچبەران نیشان دەدات بە ساختەیی دەزانێت کە لەلایەن لایەنە دژبەرەکانی ڕێژیمەوە بڵاو دەکرێنەوە.