کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئەمساڵدا زیاتر لە شەش هەزار و ٧٠٠ هێکتار لە دارستانەکانی ئێران و کوردستان لە ئاگردا سووتاون

17:07 - 11 سەرماوەز 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١١ی سەرماوەز، "ڕەزا بیانی" جێگری کاروباری دارستان و لێڕەوارەکانی ئێران وتی: "لە ئەمساڵدا زیاتر لە شەش هەزار و ٧٠٠ هێکتار لە دارستانەکانی ئێران و کوردستان لە ئاگردا سووتاون".

"بیانی" زیادی کردووە: "لەو دارستانانەی کە سووتاون بەنیازین دەنک بچێنین و نەمامیان لێ بچەقێنین و بەو شێوەیە بەشێک لەو زیانانەی کە بەر دارستانەکان کەوتوون، قەرەبوو بکەینەوە".

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە کاتێکدا باس لە چاندنی دەنک و چەقاندنی نەمام دەکات کە ڕێژیمی ئێران بۆ خۆی یەکەم هۆکاری ئاگر تێبەردان لە دارستانەکانە.

هەروەها ئاگرکەوتنەوەکانی دارستانەکان لە کوردستان سیستماتیکە و زۆرترینیان لەلایەن خودی ڕێژیم و دەستوپەیوەندییەکانیانەوە ئەنجام دەگرێت.

سەرەڕای ئەوەیکە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بودجەیەکی بەرچاو بۆ بەشی سەرچاوە سروشتییەکان تەرخان کراوە، بەڵام کاربەدەستانی پەیوەندیدار هیچ هەوڵێکی ئەوتۆیان بۆ ژیانەوەی دارستان و سەرچاوە سروشتییەکانی ئێران و کوردستان ئەنجام نەداوە.

ڕێژیمی ئێران لە کوردستان، بۆ تێکدان و تاڵانکردنی ژینگە و سروشت هەموو هەوڵێک دەدات و دەیەوێت کوردستان بەرەو بیاوانیبوون ببات.