کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ٣٢ـەمین ساڵڕۆژی کیمیابارانی گوندەکانی داڵاهۆ، گوندی زەردە هەروا ڕەنگ زەردە

13:29 - 31 پووشپەڕ 2720

لە سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراقدا، زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان لەلایەن ڕێژیمی بەعسەوە کیمیاباران کران و گوندەکانی داڵاهۆش لەو جینایەتە دەرنەچوون و بە سەدان کەس بەهۆی کیمیاییەوە گیانیان لەدەست دا و ژەهراوی بوون.

ئەمڕۆ ٣١ی پووشپەڕ ساڵڕۆژی کیمیابارانی گوندەکانی شاری "داڵاهۆ" سەر بە پارێزگای کرماشانە کە ٣٢ ساڵ پێش و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لەلایەن ڕێژیمی بەعسەوە هێرشی کیمیایی کرایە سەر گوندی "زەردە".

لە ئەنجامی ئەو هێرشە کیمیاییەدا ٣٠ لەسەدی دانیشتووانی ئەو گوندە گیانیان لەدەست دا و باقیی خەڵکەکەش ژەهراوی بوون و تووشی شێرپەنجەگەلی: "مێری، ڕییە، گەدە، خوێن و پێست" بوون و تەنانەت بیناییان لەدەست داوە.

لەو گوندەدا تەنیا لە ماوەی یەک ڕۆژدا ٢٧٥ کەس بەهۆی کیمیابارانەوە گیانیان لەدەست دا.

خەڵکی ئەو گوندە پاش ٣٢ ساڵ هێشتا ئازارەکانی ئەو هێرشانە هەڵدەگرن و ڕێژیم هیچ هەوڵێکی بۆ تیمارکردنی زامەکانی جەستە و ڕۆحیان نەداوە و گوندەکەشیان تەنانەت "تەرحی هادیـ"ـی بۆ بەڕێوە نەچووە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ناوچە کیمیاباران کراوەکان دەبێ لەلایەن دەسەڵاتەوە سەرکێشییان بەسەردا بکرێت و کەموکوڕییەکانی ژیانیان بۆ قەرەبوو بکرێتەوە.