ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢ی ڕێبەندان دوو تەقینەوەی خوێناوی شاری بەغدا پێتەختی عێراقی هەژاند و بەو هۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ کەس کوژران و برینداربوون.
ئەم دوو تەقینەوەیە لە بازاڕێکی نێوان گۆڕەپانی ''تەحریر'' و گۆڕەپانی ''تەیەران'' لە شاری بەغدا ڕووی داوە و قوربانییانی ئەم کردەوە تێرۆریستییە زۆربەیان خەڵکی هەژاری مەدەنین.
بەپێی دوایین ئامارەکان کە لە نەخۆشخانە وەرگیراون هەتا ئێستا ٢٨ کوژراون و ٧٣ کەسیش برینداربوونە.
هەتا ئێستا هیچ لایەن و گرووپێک بە فەرمی بەرپرسیاریەتیی ئەو تەقینەوەیەی لەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام زۆرێک لە بەرپرسانی عێراق گرووپی داعش بە بکەری ئەم کردەوە تێرۆریستییە دەزانن.
ئەم تەقینەوانە بە خوێناویترین تەقینەوە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو هەژمار دەکرێت و ئێستاش ترس و دڵەڕاوکێی زۆری خستووەتە نێو دڵی خەڵک.