کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ئەنجامی هێرشێک بۆ سەر میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە سپای پاسداران ٣٥ کەس کوژران

18:07 - 21 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی شەممە ٢١ی پووشپەڕ، نزیکەی ٣٥ کەس لە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە لە ئەنجامی هێرشێکی هەواییدا لە پارێزگای ''دەیرەلزوور'' کوژران.

هەواڵدەریی ''ئانادۆڵـ''ـی تورکیە لە ڕاپۆرتێک لە زاری سەرچاوە خۆجییەکان باسی لەوە کردووە کە چەندین فڕۆکەی شەڕکەری نەناسراو کاروانێکی نیزامیی گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێرانی لە ناوچەی ئەبوکەمال کردووەتە ئامانج.

لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا ٣٥ کەس لەو میلیشیا چەکدارانە کوژراون کە ٢ کەسیان فەرماندەی پلەبەرز بوون.

هەروەها باس لەوە دەکرێت کە ئەم هێرشە یەکەم کاردانەوەی ئیسرائیل بۆ ڕێککەوتنی نیزامیی نێوان ڕێژیمی ئێران و سووریە بێت.

ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی پووشپەڕ، ''محەممەد باقری'' بەرپرسی ستادی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران لە پێتەختی سووریە، لەگەڵ ''عەلی ئەیووب'' وەزیری بەرگریی سووریە لەسەر تەیارکردنی سووریە بە پەدافەندی هەوایی، ڕێککەوتنی نیزامییان واژۆ کرد.

هەواڵدەرییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەم ڕێککەوتنە بەو مانایەیە کە ئێران و سووریە دەیانهەوێت بەرنگاریی هێرشەکانی ئیسرائیل ببنەوە.

پیشتر سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هۆشداریی بە "بەشار ئەسەد" دابوو کە ئەگەر هەوڵێک لە ڕاستای بەهێزکردنی پیگەی نیزامیی ڕێژیمی ئێران لە سووریە ئەنجام بدات، ئیسرائیل ڕێژیمی "بەشار ئەسەد" دەڕووخێنێت.

وڵاتی ئیسرائیل بوونی ڕێژیم ئیسلامیی ئێران و گرووپە میلیشیا تێرۆریستییەکانی سەر بەو ڕێژیمە لە خاکی سووریە، بە هەڕەشەیەکی جیددی دەزانێت و لە ماوەی ڕابردوودا،‌ ئیسرائیل چه‌ندین جار هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران له‌نێو خاكی سووریه و ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کوژران.