کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەبەر نەبوونی کەرەستەی پێویست نەخۆشخانەکان خەڵک وەرناگرن

13:47 - 6 بانەمەڕ 2720

بەشێکی بەرچاو لە نەخۆشخانەکانی کوردستان و ئێران کەرەستەی پێویست بۆ پێڕاگەیشتن بە تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنایان نییە و وەریانناگرن و ئەمە بووەتە هۆی زۆربوونەوەی مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە گوندی "ڕوار"، سەر بە شاری "سەوڵاوا"، بەهۆی کەمتەرخەمی بەرانبەر بە نەخۆشەکانەوە لە نەخۆشخانە، وێدەچێت کۆرۆنا بە شێوەیەکی مەترسیدار بڵاو بووبێتەوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە پیاوێکی تەمەن ٧٠ ساڵ، چەند جارێک سەردانی نەخۆشخانەی "سەوڵاوا"ی کردووە بۆ تێستی کۆرۆنا، بەڵام نەخۆشخانە وەری ناگرێت و پێی دەوترێت کە کیتی کۆرۆناکەیان خراپ بووە.

ئەو هاووڵاتییە کە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەکەی خۆی، پاش ئەوەی کە دیسان نەخۆشی تەنگی پێ دەچنێت، دەڕواتەوە بۆ نەخۆشخانەی "سەوڵاوا" و بۆ جارێکی دیکەش نەخۆشخانە بە ناوی نەبوونی کەرەستەوە بەبێ دابڕگەکردن بەڕێی دەکەنەوە و هیچ پێڕاگەیشتنێکی بۆ ناکەن.

لە هەمان حاڵدا خەڵکانێکی زۆر لە گوندەکەوە سەردانی ئەو کەسە کە گومانی کۆرۆنای لێکراوە دەکەن و ئەمە بووەتە هۆی مەترسیی ئەوەی کە خەڵکێکی زۆر بە کۆرۆنا تووش بووبێتن.

لە بەشێکی دیکە لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە تەنیا یەک بەستە حەبیان پێداوە و وتوویانە کە ئەوە دەرمانی نەخۆشینەکەتە.

ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بە دۆخی خەڵک کەمتەرخەمە و هیچ پێداویستییەک بۆ نەخۆشخانەکانی ئێران و بەتایبەت کوردستان دابین ناکات.