کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەبەرچاونەگرتنی حیجاب، سەفەرەکان هەڵدەوەشێنێتەوە

12:41 - 11 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی فڕۆکەخانەکانی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە کە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە لە فڕۆکەخانەکاندا حیجاب لەبەرچاو نەگرن، بەپێی ڕێوشوێنی سازمانیی فڕۆکەخانەکانی ڕێژیم هەڵسوکەوت دەکرێت.

"حەسەن مێهری"، فەرماندەی پۆلیسی فڕۆکەخانەکانی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە کەسانێک کە لە فڕۆکەخانەکاندا حیجابی ئیسلامی لەبەرچاو ناگرن، ڕایگەیاندووە: "ئێمە بۆ تووشبوون لەگەڵ ئەو کەسانە ڕێوشوێنی سازمانیی دیاریکراومان هەیە و بەپێی ئەو ڕێوشوێنە، لەگەڵیان هەڵسوکەوت دەکەین".

ناوبراو هەروەها سەبارەت بە ئەگەری پێشگرتن لە سەفەرکردنی کەسانێک کە حیجاب لەبەرچاو ناگرن هۆشداریی داوە و وتوویەتی: "ڕەنگە پێش بە سەفەری ئەم کەسانە بگیردرێت؛ بۆ ئەم کەسانە دۆسیەی دادوەری دەکرێتەوە و دەدرێنە دەست بەرپرسانی دادوەری".

بەپێی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمی ئێران، ژنان لە ئێراندا تەنانەت ئەگەر میوان و خەڵکی وڵاتێکی دیکەش بن، دەبێ حیجاب لەبەرچاو بگرن و بەپێی ئەم یاسایە ئەوانەی کە لەم کارە خۆ ببوێرن، وەکوو تاوانبار دەناسرێن و هەڵسوکەوتی یاساییان لەگەڵ دەکرێت.

لە ماوەی ٤٠ ساڵ دەسەڵاتدارێتیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، ئەم دەسەڵاتە هەوڵی داوە کە بەردەوام حیجابی زۆرەملێ بە سەر ژنان و کچاندا بسەپێنێت، بەو بیانوویە کە حیجاب ئەوان لە کێشەکان دەپارێزێت؛ ئەمە لە حاڵێکدایە کە وڵاتی ئێران سەرەڕای ئیسلامیبوونی، لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی بەرەوڕوویە کە گەیشتوونەتە ئاستی قەیرانیش.

بوونی گەشتی ئیرشاد لە شەقامەکانی ئێراندا بۆ سەرکوتی ژنان و کچانیش تاکوو ئێستا نەیتوانیوە پێش بە داخوازییەکانی ژنان لەمەڕ ئازادیی هەڵبژاردنی حیجاب بگرێت و ئەوان بە شێوازگەلی جیاواز و بە شکاندنی هەنجارە پێناسەکراوەکانی ڕێژیم بۆ کۆمەڵگا، ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر بەم دیاردانە دەربڕیوە.