کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٠ لەسەد لە وەرزێڕان لە سێبەری دەستڕەنجی خۆیان نەحەساونەتەوە

18:34 - 14 جۆزەردان 2720

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستی بەسەر ٣٠ لەسەد قەرزی وەرزێڕاندا گرتووە و وەرزێڕانی تووشی نیگەرانی کردووە.

''عەلی قولی ئیمانی'' جێنشینی سەرۆکی ناوەندی گەنمکارانی ئێران دانی بەوەدا ناوە و وتوویەتی، قەرزی ٧٠ لەسەدی وەرزێڕان دراوە، بەڵام ٣٠ لەسەدی ئەو قەرزە هێشتا نەدراوەتەوە.

وەرزێڕانی گەنمکار سەرەڕای هەشت مانگ زەحمەت و تێچوویەکی زۆر لە چاندن و پێڕاگەیشتن تا درەوکردنی بەرهەمەکانیان، لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە نەک هەر یارمەتییان نەدراوو بەڵکوو ڕێژیم دەستیان بەسەر دەستڕەنجەکانیاندا گرتووە.

ئەو وەرزێڕانە ڕایانگەیاندووە کە هەتا قەرزەکانیان بە شێوەی ڕێکوپێک پێ نەدەنەوە ناتوانن توو بچێنن و سەرئەنجام بۆ ساڵی دیکە بەرهەمیان نابێت.

ڕێژیم هەر ساڵە بە ناوی پشتگریکردن لە وەرزێڕان باس لە کڕینەوەی بەرهەمەکانیان بە نرخێکی دیاریکراو دەکات، سەرەڕای ئەوەی هیچکات بەو نرخەی کە لەلایەن خۆیانەوە دیاری کراوە، بەرهەمەکانیان لێ ناکڕنەوە و ئەگەر لێشیان بکڕنەوە ئەوە قەرزەکانیان پێ ناداتەوە.