کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٨ لەسەدی خەڵک، توانای کڕینی ماددە خۆراکییە سەرەتاییەکانیان نییە

11:48 - 24 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ٥٨ لەسەدی خەڵکی ئێران، لە ئەمساڵدا توانای کڕینی هەمان ڕێژەی خۆراکی، کە لە ساڵی ڕابردوودا دابینیان دەکرد، نەماوە.

بەپێی تاوتوێکردنی چینایەتیی بنەماڵەکانی وڵاتی ئێران، کە بەرچاوگرتنی داهاتەکانیان دەرخەری ئەوەیە کە ٥٨ لەسەدی خەڵک لە ئەمساڵدا توانای کڕینی ماددە خۆراکییە پێویستییەکانیان، بە شێوەیەک کە بتوانن بژێویی ژیانیان دابین بکەن، نییە و پێشبینی دەکرێت دۆخەکە خراپتریش ببێت.

ڕۆژنامەی "جامەجەمـ"ی سەر بە ڕێژیم، لەم بارەوە  لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا، کڕینی سەبەدێکی خۆراکی کە پێکهاتبێت لە: "یەک کیلۆگرەم برنجی ئێرانیی دەرەجە یەک، یەک کیلۆگرەم برنجی خارجیی دەرەجە یەک، یەک کیلۆگرەم گۆشتی مەڕ، یەک کیلۆگرەم گۆشتی گا، یەک کیلۆگرەم مریشک، یەک لیتر شیری پاستۆڕیزە، یەک کیلۆگرەم ماستی پاستۆڕیزە و چەند ماددەی خۆراکیی دیکە"، بە ڕێژەی ٩٧ لەسەد لە چاو ساڵی ڕابردوو گرانتر بووە، واتە لە ساڵی ڕابردوودا ئەم خۆراکییانە بە بڕی ٢١٨ هەزار تمەن دەکڕدران، بەڵام ئێستا دەبێت زیاتر لە ٤٢٩ هەزار تمەن پارەی بۆ بدەن.

لە ماوەکانی ڕابردوودا و لە ئێستاشدا، کە هەروا بە شێوەیەکی بەردەوام، نرخی خواردەمەنی و پێداویستییەکانی ژیان بەرز دەبێتەوە و لە بەرامبەریشدا داهاتەکان جێگیر بوون و نەگۆڕاون و ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی توانای کڕینی خەڵک.

 هەروەها نرخی خۆراک، لە هەموو شوێنەکانی ئێراندا وەک یەک نییە؛ لە ناوچە هەژارنشین و مامناوەندەکاندا لە چاو شوێنە دەوڵەمەندەکاندا، گرانترن و دانیشتووانی ئەم ناوچانە کە زۆربەیان کارمەند یان خەڵکانی خانەنشینکراون، تێچووییەکی زیاتریان دەبێت.

بانکی ناوەندیی ڕێژیم، خانەوارەکانی بەپێی داهاتیان بەسەر ١٥ بەشدا دابەش کردووە کە لە دۆخی ئێستای ئێراندا، لە پلەی ٨ بەرەو خوارەوە توانای دابینکردنی زۆربەی خۆراک و پێداویستییەکانیان نییە و پێشبینی دەکرێت ئەم چینانە ناچار بن، برنج، گۆشت، شیرەمەنی و میوە لەسەر سفرەکانیان وەلا بنێن.