کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٠ لەسەدی خەڵکی کرماشان شەوانە ئاویان نییە

17:19 - 3 رەزبەر 2720

" عەلیڕەزا کاکاوەند'' بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی کرماشان وتوویەتی:'' ٥٠ لەسەدی خەڵکی کرماشان شەوانە ئاویان نییە، چونکە ئەنبارێکمان نییە شێر فەلەکەکان دەبەستین و تەنیا به ١٢٦ هەزار میتری چوارگۆشە پێویستیی ئاوی ئەو شارە دابین دەکەین".

ناوبراو بەنیسبەت کێشەکانی بەشی زێراوەکان باسی لەوە کردووە لە ئێستادا زێراوی شاری کرماشان دەڕژیتە نێو ڕووبارەکانی "قەرەسوو و ئابشۆران".

''کاکاوەند'' وتوویەتی، بۆ ئەوەیکە ١٩ خاڵی زێراوی ئەو شارە پێک وەسڵ بکرێت و وێستگەیەکی پۆمپاژ دامەزرێنین و بۆ دەرەوەی شاری ڕاگوازین ١٠٠  میلیارد تمەن بودجەی پێویستە.

هەروەها لە سەرەتای مانگی پووشپەڕ ئەمساڵ بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای کرماشان باسی لەوە کردبوو کە لە پارێزگای کرماشان نزیکەی ٤٠٠ گوند کێشەی دابیینکردنی ئاویان هەیە و بۆ گەیاندنی ئاو بۆ ئەم گوندانە ٢٦٠ میلیارد تمەن بودجەی پێویستە.

سەرەڕای ئەوەیکە بەرپرسانی ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ڕێژیمی ئێران دانیان بە بوونی ئەو کێشانە داناوە، بەڵام هیچ هەوڵێکیان بە شێوەی کردەوە لەپێناو لابردنی ئەو کێشانە نەداوە و خۆیان وەکوو کەسێکی بێ‌ لایەن نیشان دەدەن.