کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨٠ لەسەدی دارستان و لێڕەوارەکانی ئێران لەنێو چووە

11:04 - 27 رەزبەر 2720

کارناسێکی ژینگەیی ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا ٨٠ لەسەدی دارستان و لێڕەوارەکانی ئێران لەنێو چووە.

"محەممەد ڕەزا مەحبووبفەر" کارناسی ژینگەیی ڕایگەیاندووە کە ٨٠ لەسەدی دارستان و لێڕەوارەکانی ئێران لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا لەنێو چووە کە نیوەی ئەو لەنێوچوونانە لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا ڕوویداوە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "ساڵانە ١٢ هەزار هێکتار لە دارستانەکان لە ئێران لەنێو دەچن، بەشێک لەو تێکدانی ژینگەیە بە شێوەی ئاگرتێبەردان و بەشێکی دیکەش بە شێوەی بڕینی دارستانەکانە، چونکە داری وڵات بۆ دەرەوەی وڵات دەنێردرێت".

ئەو کارناسەی ژینگە جەختی کردووەتەوە: "کەس لەگەڵ قاچاخچییانی دار بەرەوڕوو نابێتەوە. خاکی بەپیتی دارستانەکانی وڵاتیش بە نرخێکی کەم دەفرۆشرێتەوە".

ناوبراو وتوویەتی، لەنێوبردنی دارستانەکان دەبێتە هۆی زۆربوونەوەی پیسیی هەوا و هەروەها فرۆشتنی خاکی پڕپیتی دارستانەکان، هۆکارێکە بۆ لەنێوچوونی ئێکۆسیستەم و ژینگە و ئاژەڵەکانی ئەو ژینگەیە.

بەشی هەرە بەرچاوی دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان بە فەرمانی خودی کاربەدەستانی ڕێژیم بە شێوازی جیاواز لەنێو دەبرێن، بەتایبەتی ساڵانە بەشێکی زۆر لە ژینگە و سروشتی کوردستان لەنێو ئاگردا دەبێت بە خەڵووز.