کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٠ لەسەدی دانیشتووانی جیهان بە زمانی دایکی ناخوێنن

19:15 - 2 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە نەتەوەی کورد لە ڕۆژئاوا، باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان مافی خوێندن و نووسین بە زمانی زگماگییان نییە.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٢ی ڕەشەمەی بە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی، بە مەبەستی گرنگیدان و ڕێگریکردن لە لەنێوچوونی زمانەکان و جەختکردنەوە لەسەر مافی خوێندن بە زمانی دایک، دەستنیشان کردووە.

نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠٠٠ ـەوە ئەو ڕۆژەیان دەستنیشان کردووە و دەڵێن "زمان گرنگییەکی ستراتیژیی لە ژیانی مرۆڤدا هەیە، زمان یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی ناسنامە و بنەمای پەیوەندی و خۆگونجاندنی کۆمەڵایەتی و فێربوون و گەشە کردنە".

نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە "پێشکەوتن هەڕەشەیەکی جددیە بۆلەنێوچوونی زمان و هەر جارێک زمانەکان لەنێودەچن فرە کولتووری کاڵ دەبێتەوە و نەریتەکان و یادەوەرییەکان لەنێودەچن"، هەروەها ژێردەستەیی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان و ئستعماری کەلتووری و ئاسێمیلاسیۆنیش هۆکارگەلی دیکەی لە ناوچوونی زمانێکن.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە "لە ٤٣ لەسەدی ئەو زمانانەی کە ئێستا لە جیهاندا ئامرازی ئاخافتنن و ژمارەیان حەوت هەزار زمانە، هەڕەشەی لەنێوچوونیان لەسەرە". 

هەروەها ئاماژەشی کردووە: "ئەو زمانانەی کە لە سیستمی فێرکردندا گرنگییان پێدەدرێ ژمارەیان لە چەند سەد زمانێک تێناپەڕێ و ژمارەی ئەو زمانانەش لە جیهانی ئێلێکترۆنیدا لە ١٠٠ زمان کەمترە، لە هەر دوو حەفتەدا زمانێک لەنێودەچێت".

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە خوێندن بە زمانی دایک دەڵێت: "٤٠ لەسەدی دانیشتووانی جیهان دەستیان ناگاتە سیستمی خوێندن بەو زمانەی کە قسەی پێدەکەن یان تێیدەگەن.

زمانی کوردی یەک لەو زمانانەیە کە لە لایەن وڵاتانی دیکتاتۆرەوە یاساغ کراوە و ئاخێوەرانی ئەو زمانە مافی خوێندن و نووسین بەو زمانەیان نییە .