کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤٠ لەسەدی دەرچووانی زانکۆ لە ئێران بێکارن

17:46 - 23 سەرماوەز 2721

جێگری وەزیری زانست، لێکۆڵینەوە و تێکنۆلۆژیی ڕێژیمی ئێران بە ئاماژەدان بەوەیکە ٤٠ لەسەدی دەرچووانی زانکۆکان لە حەشیمەتی بێکاری ئێرانن، وتوویەتی: ''ئەو ڕێژەیە کارەساتبارە بە مانای ئەوەیە کە ئێمە نەماتوانیوە هێزی کار بە باشی پەروەردە بکەین''.

بە وتەی ''عەلی خێرەدین'' جێگری وەزیری زانست، لێکۆڵینەوە و تێکنۆلۆژیی ڕێژیمی ئێران، نەبوونی داهاتوویەکی گەش لە دواڕۆژی گەنجەکان و خوێندکاران، ئەو توێژەی تووشی بێهیوایی کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ''ئیرنا'' ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە بەشێک لە قسەکانی خۆیدا ئاماژەی بە لاوازبوونی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بەشی فەناوەری کردووە و وتوویەتی: ''بەدەستهێنانی پلەی ٧١ لە ساڵی ٢٠٢١ نیشان دەدات کە ئێمە نەمانتوانیوە لە تیجاریکردنی زانست سەرکەوتوو بین''.

بەپێی قسەکانی جێگری وەزیری زانست، لە ئێستادا ژمارەی خوێندکارانی ئێران لە قۆناغەکانی کارناسیی باڵا و دوکتورا، ٨٠٠ هەزار کەسە، بەو حاڵەوە داهێنانی تێکنۆلۆژی زۆر لاوازە.

لە خوارەوەبوونی پلەی ئێران لە بواری داهێنان و ئاماری ٤٠ لەسەدیی بێکاران لە حاڵێکدا ڕادەگەیەندرێت کە زۆرێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران چەند پیشەیان هەیە و دابەشکردنی سەقەت و ڕانتیبوونی دەسەڵات و پیشەکان لە ئێران لەسەر ڕێژەی بەهرەمەندی کاریگەریی داناوە و بەپێی قسەکانی جیگەری وەزارەتی زانست، هەم ڕێژەی خوێندکارانی بێکار زۆرە و هەمیش ڕێژەی دا‌هێنانی زانستی کەمتر لە نێونجیی جیهانییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە هەر ١٠ کەسی خەڵکی ئێران، تەنیا ٣ کەس کاری گونجاویان هەیە کە ئەو ڕێژەیە لە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو زۆر نزمە.

پشکی گەنجەکانی تەمەن ١٥ هەتا ٢٤ ساڵ لە حەشیمەتی بێکاری ئێران زیاتر لە ٢٢ لەسەد ڕاگەیەندراوە و لە حەشیمەتی تەمەن ١٨ هەتا ٣٥ ساڵ، نرخی بێکاری ١٥.٦ لەسەد تۆمار کراوە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئامارە و بەڵگەکان ئاشکارایە کە بێکاربوونی حەشیمەتێک کە ئامادەی کارن، گەیشتووەتە جێگای قەیران، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەوڵ دەدەن نرخی بێکاری لە ئاستێکی نزمدا پیشان بدەن.