کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٩٥ لەسەدی قاچاخ لە ئێران لە ڕێگای گومرکە فەرمییەکانەوە ئەنجام دەدرێت

11:05 - 26 سەرماوەز 2720

''داود گودەرزی'' بەرپرسی ستادی بەرەنگاری لەگەڵ گەندەڵیی ئابووریی ڕێژیم باسی لەوە کردووە کە بەپێی ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران کە لە ساڵی ٩٦ و ٩٧ ئەنجام درا، ٩٥ لەسەدی ڕێژەی قاچاخی ئێران لە ڕێگای گومرکەکان و دەروازە سنووەرییەکانەوە ئەنجام دەدرێت، هەروەها ٣٥ لەسەدی ڕێژەی هاوردەکردن بۆ ئێران لە قاچاخ پێک هاتووە.

''داود گودەرزی'' وتوویەتی: ''بەڕێوەبردنی یاسای بەرەنگاری لەگەڵ قاچاخ بە ئاشکرا وەلا نراوە و ئەو کەسانەی کە ئەو یاسایەیان بەڕێوە نەبردووە جینایەتکارن''.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە دەزگای دادوەری تەنیا توانیویەتی بەدواداچوون بۆ یەک لەسەدی ڕێژەی ئەو قاچاخانە بکات و ڕەوتی دادگاییەکەی تێپەڕێنێت.

بەرپرسی ستادی بەرەنگاری لەگەڵ گەندەڵیی ئابووریی ڕێژیم ئەوەشی خستەڕوو کە بایەخی ماڵیی ئەو قاچاخانە لە ساڵدا دەگاتە ٢١.٥ هەتا ٢٥.٥ میلیارد دۆلار، لە حاڵێکدا ڕێژەی هەناردەکردنی ئێران لە ساڵی ٩٧دا ٤٠ میلیارد دۆلار بووە.  

دیاردەی هاوردەی قاچاخ لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە سیستمی ئیداری و ماڵیی ئەو وڵاتەدا نەهادینە بووەتەوە.

ساڵانە بە سەدان میلیارد دۆلار کاڵا لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە لە سنوورە فەرمییەکانی ئەو وڵاتەوە بە شێوەی قاچاخ هاوردە دەکرێت، کەچی بە بڕیاری کاربەدەستان و هێزە چەکدارەکانی ئەو ڕێژیمەوە ڕۆژانە کۆڵبەرانی کورد بە تاوانی قاچاخیکردن دەکوژرێن.