کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٩٥ لەسەدی قاچاخ لە ئێراندا لە ڕێگای دەروازە سنوورییەکانەوە جێبەجێ دەکرێت

13:35 - 24 بانەمەڕ 2720

مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە، ٩٥ لەسەدی قاچاخی ئەو وڵاتە لە ڕێگای سنووره فەرمییەکان و بە شێوەی یاسایی کە ٣١ شێوە جیاوازەوە  جێبەجێ دەدرێت.

کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە دوای دوو ساڵ لێکۆڵینەوە لە سیاسەتی ئابووریی دەوڵەت بەنیسبەت ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قاچاخ، بەو ئاکامە گەیشتوون کە ساڵانە ٩٥ لەسەدی قاچاخ کە بەرابەرە لەگەڵ ٢٥ میلیارد دۆلار لە ساڵدا، بە شیوەی یاسایی ئەنجام دەدرێت.

کۆمیسیۆنی ئابووریی مەجلیس، سیاسەتی ڕێژیمی لە بواری ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قاچاخ، بە لاواز و ناکارامە وەسف کرد.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەو ڕێژە زۆرەی قاچاخ، سەرچاوەی سەرەکیی گەندەڵیی ئابوورییە و شوێندانەری نەرێنی و ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر بەرهەمهێنان، ڕەخساندنی هەلی کار و بواری ماڵی و ئەرزیی ئەو وڵاتە.

دیاردەی هاوردەی قاچاخ لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە سیستمی ئیداری و ماڵیی ئەو وڵاتەدا نەهادینە بووەتەوە.

ساڵانە بە سەدان میلیارد دۆلار لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە لە سنوورە فەرمییەکانی ئەو وڵاتەوە بە شێوەی قاچاخ کاڵا هاوردە دەکرێت، کەچی بە بڕیاری کاربەدەستان و هێزە چەکدارەکانی ئەو ڕێژیمەوە ڕۆژانە کۆڵبەرانی کورد بە تاوانی قاچاخیکردن بە کەلوپەلەوە دەکوژرێن.

هۆی سەرەکیی کۆڵبەریکردنی خەڵکی هەژاری کورد، نەبوونی هەلی کار و گەندەڵیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و سیستمی هەڵاواردن و بڕینی قۆتی خەڵکە لەلایەن مافیاکانی قاچاخەوە.