کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٠ لەسەدی قوتابییان لە پارێزگای ورمێ بە هۆی هەژاری لە خوێندن بێبەرین

17:36 - 8 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: هەژاری لە پارێزگای ورمێ بووەتە هۆی ئەوەیکە ٥٠ لەسەدی قوتابییانی قۆناغی دواناوەندی ناتوانن بڕۆنە قوتابخانەکان و واز لە خوێندن بێنن.

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای ورمێ لە لێدوانێکدا باسی لەوە کردووە، بە هۆی کێشەی هەژاری لە پارێزگای ورمێ، تەنیا ٤٥ لەسەدی قوتابیانی قۆناغی دواناوەندی دەتوانن درێژە بە خوێندن بدەن و بنەماڵەکان به هۆی هەژاری ناتوانن به منداڵەکانیان بخوێنن.

بە وتەی ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم لە پارێزگای ورمێ، زۆربەی ئەو قوتابیانەی که لە خوێندن بێبەشن؛ کچەکان پێکی دێنن.

"ئیبراهیم محەممەدی" بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای ورمێ باسی لەوە کردووە، لە پارێزگای ورمێ ٨ هەزار و ٧٠٠ کەس لە خوێندن بێبەشن.

ناوبراو، مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ یەکێک لە ماڵپەڕەکانی سەر بە ڕێژیم، باسی لە زۆربوونی ڕێژەی نەخوێندەواری لەم پارێزگایەدا کردبوو و گوتبوی: "بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵی ١٣٩٥، ئاماری نەخوێندەوارانی پارێزگای ورمێ بە ١٩٥ هەزار کەس مەزندە کراوە".

ئەگەرچی بەپێی یاسای بنەڕەتیی خودی ڕێژیم، دەبێ دەوڵەت هەموو ئاسانکارییەک دابین بکات بۆ ئەوەیکە خوێندن لەو وڵاتەدا تا قۆناغی دواناوەندی بە خۆڕایی و حکوومەتی بێت، بەڵام ڕێژیمی ئێران زۆرجار پارە و تێچووی قۆتابخانەکان و تەنانەت مووچەی مامۆستاکانیش لە قوتابیان وەردەگرێت.

هەژاری، نەبوونی قوتابخانە، کەمیی مامۆستا، نەبوونی ڕێگەوبان و نەبوونی دەرفەتی هاتووچۆ لە ناوچە شاخاوییەکان و ... هتد لە هۆکارەکانی بەجێمانی قوتابییانی لە خوێندن لە پارێزگای کرماشانە، کە هەژاری لە سەرکیترین هۆکارەکانە و بنەماڵەکان بە هۆی نەتوانی لە دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن، منداڵەکانیان لە خوێندن بێبەش دەکەن.